گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانی لە ڕانیەیە و لاهور شێخ جەنگی لە قەڵادزێ

2020.10.13 - 11:39
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی لە ڕانیەیە و لاهور شێخ جەنگی لە قەڵادزێ

ناس كورد-

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ(13ى تشرینى یەکەمى 2020) مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە گەیشتە ئەو شارە و هاوكات لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری راپەڕین، گەیشتە قەڵادزێ.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، كە بەم دواییانە وەك رێكابەری سەرۆكی حكومەت دەردەكەوێت، دوێنێ (12ى تشرینى یەکەمى 2020) بە سەردانێك گەیشتە دەڤەری راپەڕین و نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنای لە چوارقوڕنە بەسەركردەوە و بڕێك پارەی بۆ تەرخانكرد بەپێی میدیای رەسمی حزبەكەیشی ئەمڕۆ گەیشتۆتە قەڵادزێ.

 

رۆژی (23/7/2020) لاهور شێخ جەنگی، لەسەر ئەركی خۆی بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی بنەڕەتی لە هەولێر دانا كە ناڕەزایەتی حكومەت و پەروەردەی هەولێری لێكەوتەوە.

 

هەروەها رۆژی (8/10/2020) هاوسەرۆكی یەكێتی لە شاری سلێمانی بەردی بناغەی یاریگایەكی نێودەوڵەتی داناو لەكاتی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی یاریگاكەشدا رایگەیاند كە پڕۆژەكە لەسەر ئەركی حزبەكەیەتی بە بێ بەشداری حكومەتی هەرێم و جەختیشی كردەوە كە شاری سلێمانی لەلایەن حكومەتەوە غەدری لێكراوە.

 

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، ئەمڕۆ (13/10/2020) لەمیانی دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیەدا رایگەیاند، هەنگاوەكانی حكومەتەكەی بۆ گەیاندنی خزمەت بە هاوڵاتیان وای كردوە رێكخراوەكان و حزبەكانیش بیر لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان بكەنەوە .

 

سەرۆكی حكومەت وتیشی: بەنیازبوین کار بۆ نەخۆشخانەى چوارقوڕنە بکەین بەڵام لەلایەن لایەنێکەوە ئەو کارە کرا و ئێمە دەستخۆشییان لێدەکەین. ئەوەش وەك ئاماژەیەك بە بە خشینی پارە بە نەخۆشخانەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی.

 

 كێبڕكێی مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگى لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ ئەم هاوسەرۆكەی یەكێتیدا بكات كە لە كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیدا بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردراوە.

 

پێشتر لاهور شێخ جەنگی، لە دیداری لەگەڵ وەفدێكی ئەمریكی رایگەیاندبوو، خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت جێبەجێنەكراون لەوانە چاكسازی و لامەركەزی و ئەگەر ئەو خاڵانەش جێبەجێنەكرێن حزبەكەی هەڵوێستی دەبێت.