گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی: قسەى خۆمان دەبێت بۆ رونکردنەوەى وەزیرى دارایی لەسەر موچە

2020.10.13 - 10:11
لیژنەى دارایی: قسەى خۆمان دەبێت بۆ رونکردنەوەى وەزیرى دارایی لەسەر موچە

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، چونى وەزیرى دارایی بۆ لیژنەکەیان بەمەبەستى پێدانى رونکردنەوەیە لەسەر کۆى بارودۆخى موچە و ئەوانیش قسەی خۆیان دەبێت لەو بارەیەوە.

 

بڕیارە ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی ( 13ی تشرینی یەکەمی2020) بچێتە پەرلەمانى کوردستان و لەگەڵ لیژنەى دارایی کۆبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر موچەى فەرمانبەران بکەن.

 

زیاد جەبار سەرۆکى لیژنەى دارایی (13ی تشرینی یەکەمی2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هاتنى وەزیر بۆ پەرلەمان بۆ پێدانى رونکردنەوەیە لەسەر کۆى بارودۆخى موچەى فەرمانبەران".

 

لەبارەى ئەوەى چونى وەزیرى دارایی لەسەر داواى خۆیەتى یان پەرلەمان، زیاد جەبار وتى "هاتنەکە دواى ئەو داواکارییە گشتییە هاتووە کە لەسەر موچە هەیە، وەزیر ئاگادارى کردوون کە دێتە پەرلەمان و رونکردنەوە دەدات".

 

باسى لەوەشکرد، ئەوان وەک لیژنەى دارایی قسەى خۆیان دەبێت لەسەر رونکردنەوەى وەزیرى دارایی کە لەبارەى موچەوە دەیخاتەڕوو.

 

چونى وەزیرى دارایی بۆ پەرلەمان دواى ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی فەرمانی بە گەنجینەکان کرد لیستی موچەی مانگی نۆ ئامادە بکەن، بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی ئەم مانگە.

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی درایی و ئابوریی هەرێم (12ى تشرینى یەکەمى 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "سێ موچەی کابینەی هەشتەم و دوو موچەی ئەم کابینەیەش پاشەکەوت دەکرێت و ئەم مانگە موچەی مانگی نۆ دابەش دەکرێت".