گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆكی سەردانی سبەینێی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

2020.10.12 - 21:12
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆكی سەردانی سبەینێی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

ناس کورد-



ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، سبەینێ شاندێکى وەزارەی پێشمەرگە سەردانى بەغدا دەکات، بەمەبەستی بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەى هەماهەنگى نێوانیان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەبار یاوەر (12ى تشرینى یەکەمى 2020) بە پێگەى فەرمى وەزارەتى پێشمەرگەى راگەیاند، شاندەکە پێكهاتووە لە لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی وەزارەت و لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی وەزارەتی بەرگری عێراق (فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان) كۆدەبێتەوە.

 

وتیشی "گفتوگۆكان لەسەر سێ بابەتی سەرەكی دەبێت، دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لە نێوان ئەفسەرانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق، دامەزراندنی هێڵی هاوبەشی بەرگری، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش، ئەمانە هەمووی سنوری پارێزگاكانی كەركوك و دیالە و نەینەوا دەبێت".

 

سەرباری ڕێککەوتن هەرێم و بەغدا لەسەر پێکھێنانی شەش ژوری ھەماھەنگی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام تا ئێستا دەستبەکارنەبوون.

 

قارەمان کەمال، جێگری سوپا سالاری هێزەکانی پێشمەرگە ( 11ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بکات و شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا کۆببنەوە."   

  

وتیشی "پتەوکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا، گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکانی نێوانیان دەبێت."   

  

جێگری سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد "لە ساڵی 2020 دا وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق  دووجار کۆبوونەتەوە، کۆبوونەوەی ئایندە کە بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئەنجام بدرێت دەبێتە سێیەم کۆبوونەوە لەماوەی ئەمساڵدا، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2019 تەنها دوو جار کۆبووینەتەوە".  

  

جەختیشیکردەوە "کۆبوونەوەکان لەماوەی ڕابردوودا ئەنجامی باشی هەبووە، میکانزمی دروستکردنی ژوورەکانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان نێوانمان و بنبڕکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی نێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت".