گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەگاتە مریشکە ڕەشە؟

دوا مۆڵەتى بەردەم حکومەت بۆ وەڵامدانەوەى پرساندن.. ’’هەنگاوى داهاتوو سەندنەوەى متمانەیە’’

2020.10.12 - 17:36
App store icon Play store icon Play store icon
دوا مۆڵەتى بەردەم حکومەت بۆ وەڵامدانەوەى پرساندن.. ’’هەنگاوى داهاتوو سەندنەوەى متمانەیە’’

ناس كورد-

ئەو پەرلەمانتارانەى داواى پرساندنى بەرپرسانى باڵاى حکومەت دەکەن جەخت دەکەنەوە کە کاتى ئەوەیە متمانە لە حکومەت بسەنرێتەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت سێ ڕۆژ مۆڵەت ماوە بۆ وەڵامدانەوەى یاداشتەکەیان. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پەرلەمانتارانە (12ى تشرینى یەکەمى 2020) لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، سوربوونى خۆیان نیشانداوە لەسەر "داخوازییە پەیڕەوییەكەمان" بۆ ئەوەی لەوادەی دیاریكراودا بەرپرسانى بۆ مەبەستی "پرساندن" بێنە پەرلەمان.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لەدوای بڕیاری راگرتنی یەكجارەكیی پێنج مانگی موچەخۆران و درێژەدانیش بە ناشەفافییەتی نەوت و سەرجەمی داهاتەكانی دیكە، ئەم حكومەتە هەمو هەوڵێكی لەباربرد و كاتی ئەوە هاتوە لە پەرلەمان دا، متمانەی لێبسەنرێتەوە".

 

لاى خۆیەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی  فراکسیۆنى یەكگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان  (12ى تشرینى یەکەمى 2020) بە ناس كوردی ڕاگەیاند "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، حكومەت لەیەکى ئەم مانگەوە کە یاداشتەكەی پێگەیشتووە، 14 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوە، بۆیە ئەو وادەیە 15ی ئەم مانگە كۆتایی دێت".

 

دانیشتی ئەم دواییەی پەرلەمان كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی ئامادەی بوون، بەوتەى ئەبوبەكر هەڵەدنی لەڕوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە "شتێكی جیاوازە" لەو یاداشتی پرساندنەی كە ئەمان پێشكەشیان كردووە، چونكە لەو جۆرە دانیشتنانەدا كە مەسرور بارزانی خۆی داوای كردبوو، پرساندن ئەنجام نادرێت.

 

وتیشی، "لە دانیشتنی پرساندندا ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەمان بەدڵ نەبوو كە حكومەت دەیانخاتەڕو ئەوا دەگوازرێتەوە بۆ پرسی لێسەندنەوەی متمانە".

 

یاداشتەکە لەلایەن 23 ئەندامی پەرلەمانی كوردستانەوە واژۆكراوە و پێش چوونى بەرپرسانى باڵاى حکومەت بۆ پەرلەمان لە (5 تشرینى یەکەمى 2020) سەرۆکایەتى پەرلەمان رەوانەى حکومەتى کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامنەدراوەتەوە.

 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و بەرپرسانى حکومەت، لەدانیشتنەکەى پەرلەماندا وەڵامى نزیکەى 100 پرسیارى پەرلەمانتارانیان دایەوە، کە بەشى زۆرى تایبەت بوو بە دۆخى دارایی و موچە و چاکسازیی.