گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێویستە بۆ دابینکردنی موچە

یاسای قەرزكردن لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوێكی بڕی

2020.10.12 - 16:57
یاسای قەرزكردن لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوێكی بڕی

ناس کورد-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا پڕۆژەیاساى قەرز بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەى بخرێتە کارنامەى دانیشتنەکانەوە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت.

 

لیژنەکە ( 12ی تشرینی یەکەمی 2020) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ڕایگەیاند، لیژنەکە کۆبووەتەوە بۆ تێڕوانین لە دۆخی ئابووری عێراق و تاوتوێیکردنی ئەو پڕۆژەیاسایەی حکومەت لە بارەی وەرگرتنی قەرزەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کردووە.

 

جەختیشی کردووەتەوە، پڕۆژەیاساکە دەبێت بەشێوەیەکی چڕوپڕ تاوتوێ بکرێت بۆئەوەی بەتەواوەتی لە ئاسەوار وکاریگەرییەکانی  لەسەر دۆخی دارایی عێراق و ژیانی نەوەکانی داهاتوو بەئاگابن.

 

 لیژنەی دارایی بە پێویستى زانیوە حکومەت بەزووترین کات (وەرقەی چاکسازی) لەماوەی 60 ڕۆژدا پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە دەبێتە مایەی زیادکردنی داهاتە هەمەجۆرەکانی وڵات.

 

لە ڕەشنوسی یاسای قەرزكردن كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە و داوای قەرزكردنی زیاتر لە 41 ترلیۆن دینار كراوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی چوار مانگی كۆتایی ئەمساڵ.  

  

بەگوێرەی ڕەشنوسەكە داهاتی چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020 بە زیاتر لە 19 ترلیۆن و 719 ملیار و 483 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە كە تێكڕای نرخی فڕۆشتنی یەك بەرمیل نەوت بە 40.51 دۆلار خەمڵێنراوە.   

  

هەروەها بڕی نەوتی هەناردەكراوی رۆژانەی بە سێ ملیۆن و 33 هەزارو 273 بەرمیل خەمڵاندوە بە 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە.  

  

هەروەك تێكڕای پوختەی داهاتی نەوتی دوای لێدەركردنی قەرەبوی كوەیت و شایستە داراییەكانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت، بە زیاتر لە 14 ترلیۆن و 181 ملیارو 616 ملیۆن خەمڵاندوە و داهاتی نانەوتیشی بۆ هەر چوار مانگەكە بە دوو ترلیۆن دینار خەمڵاندوە.  

  

لە رەشنوسەکەدا كۆی گشتی خەرجییەكانی بۆ چوار مانگەكە بە زیاتر لە 57 ترلیۆن و 811 ملیارو 453 ملیۆن دینار خەمڵاندوە.  هەروەها  كۆی گشتی كورتهێنان بە 41 ترلیۆن و 629 ملیارو 837 ملیۆن خەمڵێنراوە.