گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە هەولێر ساختەكارێكی مەترسیدار دەستگیركرا

2020.10.12 - 15:24
App store icon Play store icon Play store icon
لە هەولێر ساختەكارێكی مەترسیدار دەستگیركرا

ناس كورد-

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە چەندین ماددەی جۆراو جۆری لە مۆرو بەڵگەنامەی تایبەت بە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و كونسوڵخانەكان و مۆری تەواوی خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی ساختەكردون.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر (12ى تشرینى یەکەمى 2020) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد كە بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە كە ناوی (ش. ع. م.)ە، تیمێكی تۆكمە و بەهێزیان پێكهێناوەو پاش چاودێرییەكییەكی چڕو پڕ توانیویانە دەستگیری بكەن و دەستیشیان بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا گرتوە كە تابلۆی ساختەی پێوەبوە لەگەڵ دوو چەكی جۆری (كڵاشینكۆف و دەمانچە) و چەند ئامێرێكی بێتەل و ناسنامەی سەربازی بە پلەی رائد لە دژە تیرۆری عێراقی.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە پاش پشكنینی شوێنی حەوانەوەی چەندەها بەڵگەنامەو كەرەستەی ئەنجامدانی تاوانی ساختەكانی لەماڵەكەیدا دەستی بەسەرداگیراوە كە پێكهاتوە لە 329 ماددەی جۆراو جۆری سەختەكراو كە  لەنێویاندا مۆرو بەڵگەنامەی ساختەكراوی تایبەت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ و كونسوڵخانەكان و مۆری تەواوی خاڵە سنورییەكان هەن.

 

هەروەك لەناو بەڵگەنامە ساختە دەستبەسەرداگیراوەكاندا چەندین كڵێشەی بەتاڵی ساختەی دیكە و هەروەها مۆری دەرچون و هاتنی فڕۆكەخانەكان و مۆری چەندین وەزارەت و ناسنامەو كارتی زانیاری و رەگەزنامەی بەتاڵی ساختە هەن.

 

پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو تۆمەتبارە بەم رێگایانە توانیویەتی ڤیزای وڵاتانی بیانی وەربگرێت بۆ خۆی و كەسانی تر.

 

ئەوەشی خستۆتەڕو: دوای وەرگرتنی وتەكانی، تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەیدا ناو لە كاتی ئێستادا راگیراوە بەپێی ماددەی 289/298 لە یاسای سزادان.