گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لەدروستکردنى چەکى بایلۆجى بەکاردەهێنرێت

لەدەرمانخانەکانی سلێمانی دەرمانی پێوەدانی دووپشک و مار دەست ناکەوێت [تایبەت]

2019.05.03 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
لەدەرمانخانەکانی سلێمانی دەرمانی پێوەدانی دووپشک و مار دەست ناکەوێت [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح نەبوونی دەرمانی پێوەدانی مار و دووپشك، لە شاری سلێمانی کێشەی بۆ ئەو هاوڵاتیانە دروستکردووە کە دووچاری پێوەدان دەبنەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە تەنها لە ڕێی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراقەوە دابیندەکرێت و کەس ناتوانێت هاوردەی بکات. . بۆ بەدواداچوونی کێشەی نەمانی ئەو جۆرە دەرمانە، ناس کورد پەیوەندی بە بەڕێوەبەری بەشی دەرمانی تەندروستی سلێمانییەوە کرد، ڕەتی نەکردەوە کە ئەو جۆرە دەرمانە بەتەواوی کەمبۆتەوە لە سلێمانی. . دووپشک پێوەی دا چارەسەری دەست نەکەوت خانەودایەكی شاری سلێمانی بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش دەچنە باخێك لە دەروەی شار، لەكاتی سەرقاڵبوونی منداڵەكانیان بە یاركردنەوە، منداڵێكی تەمەن 5 ساڵانی ئەو خانەوادەیە دووپشكێک پێوەی دەدات. . ئەو خانەوادەیە بە خێرایی منداڵەکە دەگەیەننە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، کارمەندانی فریاکەوتنی سلێمانی پێیاندەڵێن، دەرمانی دژە ژەهریان نییە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی منداڵانی سلێمانییان دەکەن، لەوێش چارەسەری بۆ ناكرێت و پێیان دەڵێن، ئەوانیش ئەو جۆرە دەرمانەیان نییە. . باوكی ئەو منداڵە کە بەسەرهاتەکەی خۆی بۆ ناس کورد گێڕاییەوە، باسیلەوەکرد، هاتووچۆیان لە نێوان نەخۆشخانەکان و دەستنەکەوتنی چارەسەر و گریانی منداڵەکەی لە ئازاری پێوەدانەکە تەواو غەمباری کردووە، بۆیە پەنای بۆ یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی شاری سلێمانی بردووە، لەوێش پێیان وتوون، دژە ژەهری ئەو جۆرە دووپشکەیان نییە، بەڵام لە ڕێی "موغەزیی"وە چارەسەری بۆ کراوە. . دوای کاتژمێرێک مانەوە لەو نەخۆشخانە تەندروستی مداڵەکە بەرەو باش بوون دەچێت و باوکی منداڵەکەش دەڵێت، بۆ ئەو کاتژمێرە مانەوە لەو نەخۆشخانە ئەهلییە 160 دۆلاری لێوەرگیراوە. . نەبونی دەرمانی دژە ژەهر لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی لە ئەگەری پێوەدان و پێویستبوون بە دەرمانی دژە ژەهر، لە سنوری شاری سلێمانی تەنها لە یەک نەخۆشخانە چارەەسەر دەستدەکەوێت، ئەو نەخۆشخانەیەش تایبەتە بە پێشمەرگە. . ڕازاو ئەمین بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "دەرمانی پێوەدانی مار و دووپشك كە پێی دەوترێت، 'سنەیك ڤینۆم و ئەنتی سكۆربیون' لە نەخۆشخانەكانی شاری سلیمانی زۆر کەمن، تەنها لە نەخۆشخانەی شۆرش لە ناوشاری سلێمانی هەیە و لەدەرەوەی سلێمانیش تەنها لە عەربەتدەستدەکەوێت". . لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو جۆرە چارەسەرانە، ڕازاو ئەمین وتی: "هۆكاری كەمبوونی ئەو جۆرە دەرمانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، تەنها لە ڕێگەی وەزارەتەکانی تەندروستی عێراق و هەرێمەوە دابیندەكرێت، هەروەها ڕێگە نادرێت كەرتی تایبەت هاوردەی بكات، چونكە ئەو جۆرە دەرمانانە هەستیارن و چاودێری نێودەوڵەتی لەسەرە، لەڕێگەی ڕێكکەوتنی فەرمییەوە هاوردە دەکرێت، چونکە ترسی ئەوە هەیە بەكاربهێنرێت بۆ دروستكردنی چەكی بایلۆجی". . "سەرچاوەی ئەو دەرمانانە هەردوو وڵاتی سویسرا و فەرەنسان، ئەگەر ئەو جۆرە دەرمانانە لە بازارەكانیشدا هەبن، ئەوا بنکە تەندروستییەكان پەنای بۆ نابەن، چونكە ئەو درەمانانە ئەگەری ژهراوی بوونییان هەیە و جێگەی متمانە نین، تەنانەت ڕەنگە تێكەڵ بوبن بە چەند ڤایرۆسێكی مەترسیدار"، بەڕێوەبەری بەشی دەرمانی تەندروستی سلێمانی وای وت. . دەرمانی دژە ژەهر لە بازاڕەکانی هەرێم دەستدەکەوێت؟ زۆرجار لە ینکە تەندروستییە حکومییەکان کەسێک پێویستی بە جۆرە دەرمانێک و چارەسەرێک بێت و لەوێ دەستی نەکەوێت، پەنا بۆ بازاڕەکانی دەرمانەکان و نۆڕینگەکان دەبات، بەڵام بۆ دەرمانی دژە ژەهر بابەتەکە جیاوازە. . ناس کورد پەیوەندی بە کۆگایەکی دەرمانەوە کرد لە ناو شاری سلێمانی، یەکێک لەو دەرمانسازانەی لەو شوێنە کاردەکەن ئەوەی ڕاگەیاند: "دەرمانی دژە ژەهر لە دەرمانخانەكاندا زۆر بە دەگمەن دەستدەكەوێت لەوانەشە هەر دەستنەکەوێت، چونکە ئەو جۆرە دەرمانانە تایبەتن بە حاڵەتی لەناکاو دەبێت لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتندا هەبن". . ئەو دەرمانسازە ئەوەشی وت، ئەو جۆرە دەرمانانە حکومت خۆی هاوردەی دەکات و ڕێگا نادات كەرتی تایبەت دابینی بكات، هەروەها دەشبێت درەمانی دژە ژەهر، لە ژێر چاودێری پزیشكی پسپۆردا و لە نەخۆشخانەکاندا بەكاربهێندرێت. .