ناس کورد-
بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوانى تەواوبوونى لێکۆڵینەوەکان و بڕیارى دادگان لەدۆسیەى "ساختەکردنى پسوڵە" لە مەرزى پەروێزخان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ساماڵ عەبدوڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم (11ى تشرینى یەکەمى 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دۆسیەکە لەلایەن ئەوانەوە کارى لەسەر کراوە و بەرزکراوەتەوە بۆ دادگا و ئێستا چاوەڕوانى بڕیارى دادگا دەکەن.
وتیشى "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ساختەکارییەک هەیە لەو دۆسیەیەدا و پسوڵەى گومرگى ساختەکراوە".
ساماڵ عەبدوڕەحمان باسى لەوەشکرد، ئێستا دۆسیەکە لە دادگاى قۆرەتووە لە خانەقین.
(7ى تشرینى یەکەمى 2020) دادگای لێكۆڵینەوەی خانەقین/قۆرەتو، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (محەمەد وەهاب)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان دەركرد، بەتۆمەتى تێوەگلانى لەو دۆسیەیە، هەرچەندە ناوبراو تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە.
ساماڵ عەبدوڕەحمان وتى "تائێستا دیار نییە چەند کەس لەو دۆسیەیە تێوەگلاون و دادگا سەرقاڵى لێکۆڵینەوەیە، هەروەها هیچ خەمڵاندێک نەکراوە بۆ بەهاى ئەو پسوڵانەى کە ساختەکراون".
ناس کورد پەیوەندى بەبەرپرسانى مەرزى پەروێزخانەوە کرد، بەڵام رەتیانکردەوە قسەى لەسەر بکەن و تەنها ئەوەندەیان وت کە ئەو دۆسیەیە لەدەرەوەى مەرزى پەروێزخان بووە و لەناو مەرزەکە نەبووە، گومرگى گەرمیانیش لەهیچ شتێک ئاگادارى نەکردوونەتەوە لەو بارەیەوە و دۆسیەکە لەدادگایە.
بەڵام ماڵپەڕى رادیۆى دەنگ (رادیۆیەکى ناوچەییە لە کەلار) (11ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویکردەوە، نزیكهى 400 پسولهى گومرگى لە مەرزی پەروێزخان ساخته كراوه كه به نزیكهى 4 ملیار دینار دهخهمڵێنرێت و ئهو پارهیه له برى ئهوهى بگهڕێتهوه بۆ حكومهت له لایهن ئهو كهسانهوه وهرگیراوه.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەروەها جگه له ساختهكردنى پسولهى گومرگى 37 ئهلیف، مۆرى گومرگیش ساخته كراوه و بۆ راییكردنى ئهو كارانه بهكارهێنراوه.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن لەم دۆسیەیە، هەستاون بە بەکارهێنانی ناوی کۆمپانیایەکی تر کە هی خۆیان نیە بۆ ئەنجامدانی ئەو ساختەکارییە و بەوهۆیەوە پارەیەکی زۆریان دەستکەوتوە.