گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’کەسى یەکەمى هەردوولا بێنە سەرخەت’

پارتى و یەکێتى ’جموجۆڵ’ بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان دەستپێدەکەن

2020.10.11 - 18:40
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى و یەکێتى ’جموجۆڵ’ بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان دەستپێدەکەن

ناس کورد-

پارتى و یەکێتى هەنگاوى سەرەتاییان دەستپێکرد بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان، دواى شەڕى میدیایی ژمارەیەک لە بەرپرس و میدیاکانى هەردوولا کە پەیوەندییەکانیانى روو لە گرژبوون کرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ماڵپەرى فەرمى یەکێتى (11ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویکردەوە، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی بیست و چواری یه‌كێتی و به‌رپرسی لقی یانزه‌ی پارتی کۆبوونەتەوە و داواده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو حزب ئاسایی بكرێنه‌وه‌.

 

 مه‌لا ئاری ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 24ی ڕێكخستنی ڕاپه‌ڕین داوا لە سه‌ركرده‌كانی پارتی دەکات ڕێگری بكه‌ن له‌و هێرشانه‌ کە دەکرێتە سه‌ر هاوسه‌رۆكەکانیان.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، له‌سه‌ردانه‌كانیاندا بۆلای یه‌كتری له‌گه‌ڵ لقی یانزه‌ی پارتی جه‌ختیان له‌سه‌ر باشی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كردوه‌ته‌وه‌و هاوڕابوون كه‌ سۆشیال میدیا نه‌بێته‌ هه‌وێنی لێكترازان و دووركه‌وتنه‌وه‌یان.

 

ئەوە یەکەم کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتییە لەدواى گرژبوونى پەیوەندییەکانیان بەهۆى شەڕى میدیایی نێوان بەشێک لە بەرپرسانى هەردوو حزب و میدیاکانیانەوە.

 

هیوا گه‌یلانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی  و به‌رپرسی لقی یانزه‌ی پارتی ڕایگەیاندووە "پێمانباشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هێوربكه‌ینه‌وه‌، داواكارم كه‌سی یه‌كه‌م له‌ هه‌ردوو حزب  بێنه‌ سه‌ر خه‌ت بۆ ڕاگرتنی ئه‌م قسه‌و باسانه‌ی سۆشییال میدیا".

  

بەگوێرەى بەدواداچوونی "ناس كورد" بۆ ناوەڕۆكی پەیام و لێدوانەكانی ئەمدواییەی هەردوولا (9 ى تشرینی یەكەمی 202) ئەم شەڕە لێدوان و هەڕەشەی دۆسیە هەڵدانەوەیە بەدوای بڵاوكردنەوەی لێدوانێكی هاوسەرۆكی یەكێتی لاهوری شێخ جەنگیدا هات لەبارەی پێداگریی یەكێتی لەسەر لا مەركەزیەت و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن لە دیداری شاندێكی ئەمەریكیدا (7ى تشرینی دووەمی 2020).

 

بەدوایدا هەندێك لە بەرپرسانی پارتی لەوانەش ئەندامی سەركردایەتی بڵند ئیسماعیل هێرشیان كردە سەر هاوسەرۆكی یەكێتی (8ى تشرینی یەكەمی 2020) و گروپێكی یەكێتیی نیشتمانی بە موزایەدەچی تۆمەتباركرد.

 

 لەبەرامبەر ئەوەشدا هەمان شەو بەشێك لەمیدیاو ماڵپەڕ و سەكۆ ئەلەكترۆنییەكانی یەكێتی دوو وتاری ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی جەزای سەید مەجید و شادمانی مەلا حەسەنیان بڵاوكردەوە كە هێرشی توند و هەڕەشەی دەستپێكردنی هەڵمەتی میدیایی تێدایە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.   

  

لەدوا پەرەسەندنی ئەم شەڕە میدیاییەشدا ماڵپەڕی "باس نیوز" ی سەر بە سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانیی چەند هەواڵ و تەوەرێکى ماڵپەرەکەى تەرخانكردووە بۆ هێرش كردنە سەر كەسانی نزیك لە هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی و بیرهێنانەوەی ڕووداوەكانی 16ى ئۆكتۆبەر و تۆمەتباركردنی بەشێكی یەكێتی بەخیانەت.   

  

هەندێك لە چاودێران و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن بەشێك لەهۆكاری ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەساڵیادی كۆچی مام جەلالدا (3ى تشرینی یەكەمی 2020) سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت بەشێوەیەكی خێزانی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بۆنەیەی یەكێتیدا كردووە و  بروسكەیان بۆ كوڕانی تاڵەبانی (بافڵ و قوباد) ناردووە و ئۆرگانەكانی یەكێتی- یان فەرامۆش كردووە، ئەمەش دیسانەوە كێشەی بایكۆتكردنی پارتی بۆ یەكێك لەهاوسەرۆكانی یەكێتی وروژاندووەتەوە.