ناس کورد-
مستەفا كازمى سەرۆك وەزيرانى عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەکانى بێكارى و خستنەسەركارى گەنجان لەگەڵ چەند وەزير و بەرپرسێك كۆبويەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسينگەى ڕاگەياندنى سەرۆك وەزيرانى عێراق (11ى تشرينى يەكەمى 2020) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، كامى سەرۆكايەتى كۆبونەوەيەكى كردوە كە ژمارەيەك وەزير و بەرپرسى حكومى بەشداربوون، گفتوگۆ لەسەر دۆسیەکانى چارەسەركردنى بێكارى و دابينكردنى هەلى كار بۆ گەنجان كراوە، هەروەها باس لە بارودۆخى گشتيش كراوە.
ڕونيشكراوەتەوە، سەرۆك وەزيران جەختى لەوە كردوەتەوە كە پێويستە قەيرانەكانى ئێستا چارەسەر بكرێن و ڕوبەڕوى سەرجەم ئاڵنگاريە دارايى و ئابوريەكان و پەتاى كۆرۆنا ببنەوە، بەشێوەيەک تێيانپەڕێنن و بيگۆڕن بۆ خاڵى دەستپێكردنى چاكسازى و گەشەپێدان.
هەر بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، مستەفا كازمى باسى لەوە كردوە كە پێويستە چارەسەرەكان واقعى و كردارى بن و بتوانرێت جێبەجێ بكرێن، چونكە پلانداڕێژى خراپ لە پێشودا كۆبوەتەوە و بارى سەرشانى دەوڵەتى بە كێشەى گەورەوە قورسكردوە بە جۆرێك پێويستى بەچارەسەر و كارى بەردەوام هەيە بۆ گۆڕينى ئەو بارودۆخە هەڵەيەى هەيەو دەوڵەتى لەسەر دەڕوات.
هەر لە كۆبونەوەكەدا چەند پێشنيارێكى تايبەت بە قەرز و دابينكردنى هەلى كار لە كەرتى تايبەت كراوە و باس لە چەند پڕۆژەيەكيش كراوە بۆ پشتگيرى گەنجان، ئەوەش سەرەڕاى چاكسازيەكان.