ناس كورد-
ئوسامە نوجێفى سەرۆكى بەرەى ڕزگارى و گەشەپێدان بۆ باسكردنى چەند دۆسیەیەک لەوانەش بارودۆخى سياسى و ڕێكکەوتنى شەنگال و بابەتى بوونى پەكەكە لەگەڵ فاتح يەڵدز باڵيۆزى توركيا كۆبوەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرەى ڕزگارى و گەشەپێدان (11ى تشرينى يەكەمى 2020) راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە كۆبونەوەى نوجێفى و يەڵدزدا باسى پەيوەنديەكانى عێراق و توركيا و دۆسیەى سياسى و ڕێكکەوتنى شەنگال و هەڵبژاردن كراوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، نوجێفى جەختى لە گەڕانەوەى ئاوارەكانى شەنگال و دەركردنى ئەوانەى خەڵكى ناوچەكە نين و گرنگى ڕاوێژى نێوان هێزە سياسيەكانى نەينەوا كردوە، پێشى وابوە هەر چارەيەك پێويستە لە بەرژەوەندى ئيرادەى هاووڵاتيانى پارێزگاكە بێت بەتايبەتى شەنگال بە عەرەب و ئێزدى و كوردەوە.
سەرۆكى بەرەى ڕزگارى و گەشەپێدان جەختیشى لەسەر ئەوە كردوەتەوە، كە چالاكيەكانى پەكەكە "كاريگەرى نەرێنى لە ناوچەكە دروستكردوە و گەندەڵى و تيرۆرى بڵاوكردوەتەوە".
لاى خۆشيەوە باڵيۆزى توركيا هێماى بۆ ئەوەكردوە، توركيا سورە لەسەر كۆتايى هێنان بە بوونى پەكەكە چونكە بۆ عێراق و توركياش خراپە و كار لەسەر قۆستنەوەى گەنجان و شوشتنەوەى مێشكيان دەكات، بۆ ئەوەش سودى لە بڵاوبونەوەى بێكارى وەرگرتوە.
فاتح يەڵدز پێشى وايە، ئەو شێوازەش هەمان شێوازى داعشە، ئاسودەيى خۆشى بۆ نيازى حكومەت بۆ دەركردنى سەرجەم گروپە چەكداريەكان دەربڕيوە و وتوشيەتى "توركيا چاودێرى كارەكان دەكات چونكە گرنگى پێدەدات".