گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەسێک دووجار توشی کۆرۆنا دەبێت؟.. تەندروستیی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات

2020.10.11 - 14:07
App store icon Play store icon Play store icon
کەسێک دووجار توشی کۆرۆنا دەبێت؟.. تەندروستیی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح

دەیان حاڵەتی دووبارە توشبوونەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی تۆمارکراون، تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت، بەراورد بە هەفتەی پێشوو ڕێژەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە کەمیکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی (11ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دەیان حاڵەتی دووبارە توشبوونەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو داتایەین بۆئەوەی ژمارەکان بە وردی لەبەردەستماندا بێت".

 

 وتیشی: "ماوەی سێ ڕۆژە ڕێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەشاری سلێمانی کەمیکردووە، هەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژێکدا نزیکەی 15 کەس بە ڤایرۆسەکە  گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لەماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا تێبینی ئەو کراوە ژمارەکە تاڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە".

 

توێژینەوەیەکی بەڕیتانی ئاشکرایکرد، ئەوانەی كە لەپەتای كۆرۆنا چاكدەبنەوە دوای سێ مانگ توانای بەرگریان لەدژی ڤایرۆسەکە لەدەستدەدەن و ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی دیكەش تووشببنەوە، هەروەكو توشبوونی ساڵانەی مرۆڤ بەپەتای وەرزیی زستان بۆ نمونە ئەنلفۆەنزا و سەرما بردوویی.  

 

بابەتی توشبوونەوەى توشبووانی کۆرۆنا بە نەخۆشییەکە هەمیشە جێگەی تێڕامان و توێژینەوەى بەردەوام بووە، لە توێژینەوەكەدا كە ژمارەیەك زانا هەستاون بەشیكردنەوەی كاردانەوە بەرگرییەكان بۆ زیاتر لە 90 نەخۆش و كارمەندی تەندروستی لەدەستەی خزمەتگوزاری تەندروستیی نیشتیمانی بەریتانیا (NHS)، ئاستی كاردانەوەی  دژە تەنەکان دۆزراوەتەوە كە دەتوانێت ڤایرۆسەكە لەناو ببات دوای سێ هەفتە لە دەركەوتنی نیشانەكانی و دواتر بەخێرای نامێنێت.  

 

دكتۆر كاتی دۆرز، ئامادەكاری سەرەكی توێژینەوەكە لە کۆلێژی گینگەری لەندەن بە ڕۆژنامەى گاردیانی بەڕیتانی وتووە: "چەندین نمونە كاردانەوەی باشییان هەبووە لە بەرهەمهێنانی دژە تەنی ڤایرۆس، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم ئەو كاردانەوەیە نەماوە یاخود كەم بووەتەوە."   

 

بەپێی پشكنینی خوێنی ئەو نەخۆشخانە دەركەوتووە، لە 60%ی توشبووان كاردانەوەیەكی بەهێزیان بۆ شەڕكردن لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا هەیە و 17%یان ئەو هێزی بەرگرییەیان تا سێ مانگ دەمێنێت، بەڵام لەهەندێ حاڵەتدا لەو ماوەیەدا ئاستی دژەتەنەکان بۆ 23 جار كەمتر دادەبەزێت و لەهەندێ حاڵەتی دیكەشدا ئەو دژەتەنانە نادۆزرێنەوە لەجەستەدا.