ناس کورد-
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ نوێترین زانیاریی لەبارەی کەیسی کوشتنی دوو کچەکەی چەمچەماڵ لەلایەن باوکیانەوە ئاشكراکرد و ڕایگەیاند، زۆر نزیکبوونەتەوە لە دەستگیرکردنی بکوژەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ (یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لێکۆڵینەوەکانمان لە دۆسییەی کوشتنی دوو کچەکەی چەمچەماڵ لەلایەن باوکیانەوە بەردەوامە و زۆر نزیکبووینەتەوە لەدەستگیرکردنی بکوژەکە."
وتیشی: "بەئەگەرێکی زۆر لەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو بەدواداچوونەکانیان ئەنجامی دەبێت و بکوژەکە دەستگیردەکەن و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیشدا سەرجەم زانیارییەکان ئاشکرادەکەن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لەڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: "مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی فریاكهوتنی چهمچهماڵ تۆمهتبارێكیان دهستگیركرد كه لهسهر دۆسیهی كوشتنی دوو خوشكهكهی شارۆچكهی چهمچهماڵ داواكراو بوو و دهستی ههبووه له كوشتنی دوو خوشكەکەدا."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "لهئێستادا تۆمهتبار كه مامی دووكچه كوژراوهكانه بهبڕیاری بهڕێز دادوهر و بهپێی ماددهی 406 لهیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوهو لێكۆڵینهوه لهگهڵیدا بهردهوامه ."
ڕۆژی 8ی ئەیلولی 2020، لە گوندێکی سنوری چەمچەماڵ لەچاڵێکدا تەرمی دوو خوشک دۆزرانەوە کە لەلایەن باوکیانەوە بە گولڵە کوژرا بوون، ئەوەش کاردانەوەیەکی گەورەی لەناو هاوڵاتیاندا لێکەوتەوە.
دوای ئەوەی کەسوکاری دوو کچەکە ئامادەنەبوون تەرمی دوو کچەکە وەربگرنەوە، لەبەرواری 10ی ئەیلول، لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە بە هاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تەرمەکانیان لە پزیشکی دادی سلێمانی وەردەگیرایەوە و بەخاک سپێردران.
سەبارەت بەوەی هیچ کەسێکی دیکە تۆمەتبارە لەڕووداوەکەدا و فەرمانی دەسگیرکردنی بۆ دەرکراوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا ئەو تاکە تۆمەتباری ڕووداوەکەیە، هەرچەندە بەگوێرەی تاوانەکە و هەڵکەندنی ئەو چاڵە و شاردنەوەی تەرمەکان، پێناچێت بەتەنها تاوانەکەی ئەنجامدابێت و ئەگەری هەیە کەسی دیکەی لەگەڵدا بووبێت، بەڵام تاوەکو خۆی دەستگیرنەکرێت، ناتوانین ئەوە بزانین."
لەدوای ڕووداوەکە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە باوکەکە لەه اوسەری یەکەمی کە دایکی دوو کچەکەیە جیابووەتەوە و تەنانەت ئەوەش دەوترا کە باوکەکە لەژێر کاریگەری هاوسەری دووەمیدا ئەو کارەی کردبێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ڕوونیکردەوە: "هاوسەری دووەمی تۆمەتبارەکە بەڕەگەز عەرەب بووە و لەویش جیابووەتەوە، واتە ئەوکاتەی کە ڕووداوەکە ڕوویداوە، تۆمەتبارەکە هیچ هاوسەرێکی نەبووە و ئەو زانیاریانە ڕاست نین و هاوسەری دووەمی پەیوەندی بەڕووداوەکەوە نییە."