گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەبارەى گیانلەدەستدانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆرییەکە لە عێراق

2020.10.11 - 09:27
ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەبارەى گیانلەدەستدانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆرییەکە لە عێراق

ناس کورد-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکان لەبارەی ڕووداوی گیانلەدەستدانی سەرۆکی کۆمپانیا کۆریەکە لە پارێزگای بەسرە ئاماژە بەوەدەکەن کە ڕووداوەکە خۆکوشتن بووە.

 

خالید محەنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق (11ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ڕایگەیاند، "دوای  دڵنیابوون لە بەڵگەکان و وەرگرتنی وتەی ئەو کەسانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون کە زۆرینەیان بیانی بوون، بۆمان دەرکەوتووە بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکە خۆی کوشتووە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لێکۆڵێنەوەکان دەربارەی ڕووداوەکە بەردەوامە بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دروستکراوە."

 

ڕۆژی 9ی تشرینی 2020، بەڕێوەبەری کۆمپانیا (دایۆ)ی کۆری کە ئەرکی کارکردن لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەی پێ سپێردراوە بە هەڵواسراوی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە بارەگای کۆمپانیاکە دۆزرایەوە.

  

  

  

 

باڵیۆزخانەى کۆریاى باشور لە بەغدا لەسەر ڕوداوى خۆکوشتنى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى دایۆ کە سەرقاڵى تەواوکردنى پڕۆژەیەک بوو لەشارى بەسڕە هاتە دەنگ و داواش دەکات پێش تەواوکردنى لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە پڕوپاگەندە و هەواڵى ناڕاست بڵاونەکرێتەوە.  

  

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، باڵیۆزخانەى کۆریاى باشوور لە بەغدا (9تشرینى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە: " کاتژمێر 9:00ى سەرلەبەیانى بەمەرگى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى دایۆمان زانی کە بۆ دروستکردنى پڕۆژەیەک لەبەندەرى فاوى گەورە لە عێراق بوو."   

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئاگادارکراونەتەوە کە وەزارەتى ناوخۆى عێراق هەستاوە بەپێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە و لیژنەکەش بە هاوکاری پۆلیسى بەسڕە سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن و ئەوانیش چاوەڕوانى دەرئەنجامەکەى دەکەن.