ناس کورد-
سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، نزیکەی 28 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوودا مافی دەنگدانیان هەیە و ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمسیۆن داتای تەواوی لەسەر ژمارەی دەنگدەرانی لەبەردەستدایە و بە بەردەوامیش ئەو داتایانە لەڕێگەی فۆرمەکانی خۆڕاکەوە نوێی دەکرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عادل لامی، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق (11ی تشرینی یەکەمی) بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ڕایگەیاند، "لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن دەدرێت".
لامی ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە توانایدایە زۆر بەئاسانی تۆماری دەنگدەران نوێی بکاتەوە، چونکە کۆمسیۆن لە نوێکردنەوەی تۆمارەکانی پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت، بۆیە هیچ کێشەیەکی نییە".
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستپێکردنى پڕۆسەى چاپکردنى کارتى بایۆمەترى ڕاگەیاند بۆئەوەى لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەکاربهێنرێت.
کۆمسیۆن لە دوایین ڕاگەیەنراویدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەرێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ کۆمپانیاى (ئەندرا)ى ئیسپانى کۆبووەتەوە کە گرێبەستى لەگەڵدا کردووە بۆ چاپکردنى و گواستنەوەى کارتى بایۆمەترى دەنگدان.
باسى لەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێوشوێنە ئیداریی و تەکنیکى و داراییەکان کراوە بۆ دەستپێکردنەوە بە کارەکان بەپێی گرێبەستەکە، دواى ماوەیەک لە وەستانى بەهۆى ڕووداوە سیاسییەکانى ئەمدواییەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر دانانى خشتەى کاتى پێویست بۆ چاپکردن و گواستنەوەى کارتەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە حوزەیرانى داهاتوودا.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ئێستادا سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران شەشى حوزەیرانى داهاتووى بۆ ئەنجامدانى دیاریکردووە.
مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی کرد بە خێراکردنى پڕۆسەى تەواوکردنى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدەران.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەکەى (3ی تشرینی یەکەمی 2020)، کازمى فەرمانى بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ خێراکردنى پڕۆسەى تۆمارکردنى بایۆمەترى دەنگدەران لە نزیکترین کاتدا، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان (29 تشرینى دووەمى 2019) لە ڕاگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ژمارەى دەنگدەرانى تۆمارکراو لە سیستمى بایۆمەتری گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 205 هەزار و 648 کەس، لە کۆى گشتیی دەنگدەران کە ژمارەیان 26 ملیۆن و 642 هەزار و85 دەنگدەرە.
باسى لەوەشکردووە، ژمارەى کارتى بایۆمەترى درێژمەودا کە چاپکراوە گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 446 هەزار و 914 کارت، نزیکەى 11 ملیۆنیشی دابەشکراوە.
لەبارەى تۆمارکردنى حزبە سیاسییەکانەوە کۆمسیۆن دەڵێت، ژمارەى ئەو حزبانەى تۆمارکراون گەیشتووەتە (230) حزب، (62) حزبى دیکەش لەژێر پڕۆسەى تۆمارکردندان.