گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەیس خەزعەلی، ڕێککەوتنی شەنگال لە سەر حسابی بەرژەوەندیی ئێزدییەکان ئەنجامدراوە

2020.10.10 - 21:52
App store icon Play store icon Play store icon
قەیس خەزعەلی، ڕێککەوتنی شەنگال لە سەر حسابی بەرژەوەندیی ئێزدییەکان ئەنجامدراوە

ناس کورد-

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لەسەر بارودۆخی شەنگاڵ ئەنجامدرا، تەنها زمان شیرینییەکی سیاسی و خەڵات و بانگەشەیەکی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان بوو لەسەر حسابی بەرژەوەندیی ئێزیدییەکانی ناوچەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق ( 10ی تشرینی یەکەمی 2020) لەڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ڕایگەیاند: " ئەو ڕێککەوتنەی لەبارەی شەنگالەوە ئەنجامدرا لەنێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ئیزدییەکانی ناوچەکەدا کراوە".

 

ئاماژەی بەوەکردووە: " دەرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە ڕۆڵێکی باڵایان هەبووە لەڕزگارکردنی شەنگاڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش، زمان شیرینییەکی سیاسییە و خەڵاتێکی هەڵبژاردنەکان بوو بەمەبەستی بانگەشە، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ئیزیدییەکان کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەست نەهامەتییەکی زۆرەوە ناڵاندوویانە".

 

جەختیشیکردووەتەوە: "مەبەست لەم ڕێککەوتنە نوێیە درێژەدانە بەنەهامەتییەکانی ئێزدییەکان". 

 

خەزعەلی داواشی کردووە، هێزە نیشتمانییەکان ڕاو بۆچوونەکانی خۆیان  لەبارەی ئەو پرسە  بەڕوونی بخەنەڕوو و دووربکەونەوە لە زمان شیرینی سیاسی و دەبێت هەڵویستیان لەگەڵ گرنگی ئەو دۆخەدا گونجاو بێت.

 

دوێنێ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.   

 

بەپێى دەقى ڕێکكەوتنى نێوان حكومەتى عێراق و هەرێمى كوردستان بەناوى "ڕێكەوتنى گەڕانەوەى سەقامگيرى و ئاساييكردنەوەى بارودۆخ لە قەزاى شنگال" كە بە سێ تەوەر جياكراوەتەوە و كۆپيەكى دەست ناس كورد كەوتووە، لە تەوەری ئيدارييدا هاتووە، قائيمقامێكى نوێ بۆ شنگال دياريدەكرێت كە كەسێكى دەستپاك و پيشەيى و سەربەخۆ بێت و قبوڵكراو بێت، لەلايەن ليژنەى پێكهێنراوى هاوبەش پۆستە ئيدارييەكانى تر دادەنرێت و پێويستە پيشەيى بوون و دەستپاكى و پێكهاتەى كۆمەڵايەتى لەبەرچاو بگيرێت.  

  

لە دەقى ڕێکكەوتنەكە كە لە بەروراى 1\10\2020 لەلايەن حەميد ڕەشيد فلەيح، وەكيلى سەرۆكى دەزگاى ئاسايشى نيشتمانى بە نوێنەرايەتى حكومەتى ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزيرى ناوخۆى هەرێم واژۆكراوە، سەبارەت بە ميحوەرى ئەمنى ڕونكراوەتەوە، پۆليسى ناوخۆيى و دەزگاى ئاسايشى نيشتمانى و هەواڵگرى بەرپرسيارێتى ئاسايشى قەزاكە دەگرنە ئەستۆ.  

  

باسلەوەشكراوە، سەرجەم پێكهاتە چەكداريەكانى تر دەكرێنە دەرەوە و 2500 ئەندام بۆ هێزى ئاسايشى ناوخۆيى دادەنرێن و ئاوارەكانى خێوەتگەكان كە خەڵكى شنگالن بەشداريان پێدەكڕێت، هەروەها كۆتايى بەبوونى پەكەكە لە شنگال و دەوروبەرى دەهێنرێت و بونيان نامێنێت لەناوچەكە.