ناس كورد-
بەمەبەستی ڕزگاربوون لەو قەیرانە داراییەی کە لە ئێستادا بەرۆکی حکومەتی عێراقی گرتووەتەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیاردەکات حکومەت کاربکات بۆ بەخشینی لەڕێکارەکانی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتەکەی کە لەلایەن ڕێکخراوی (ئۆپیک+) وە بڕیاری لەسەردراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەندراوێکدا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ( 10ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، چەند پێشنیارێکی ئاڕاستەی حکومەت کردووە بە مەبەستی ڕزگاربوون لەو تەنگەژە داراییەی کە لە ئێستادا دووچاری بووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لیژنەی دارایی پەرلەمان داوایکردووە حکومەت عێراقی لەڕێگەی ڕەیڕەوە دیبلۆماسییەکانەوە هەوڵبدات لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتەوە ( ئۆپیک+) ببخشرێت لە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتەکەی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی عێراق ڕۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی زیاتر هەناردەی دەرەوە بکات کە ئەوەش وادەکات حکومەت بتوانێت لە 30%ی موچەی فەرمانبەرەکانی پێ دابین بکات.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەپێویستیشی زانیوە، حکومەت زیاتر ڕێکارەکانی لە دەروازە سنورییەکان توندتر بکاتەوە و کۆنترۆڵی باج و گومرکەکان بکات لەڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنی تۆکمەوە.
هۆشداریشداوە، ئەگەر چاکسازی ڕاستەقینە نەکرێت، ئەوا لەمانگەکانی داهاتوودا ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە لەئێستادا وڵات پێدا گوزەردەکات سەخت تردەبێت.