ناس کورد-
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئێران وڵاتێکی گرنگ و کاریگەری ناوچەکەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە عێڕاق ڕێز لە سنوورەکانی بگرێت و ڕێگا نەدات خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتی هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
لەڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی (شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: " لە مەکتەبی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێشوازیی کرد لە شاندێکی وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئێسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی ئاغای ئەمیریی جێگری وەزیری ئیتڵاعات و شاندێکی یاوەریی."
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دیدارێکدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و وڵاتی ئێران کراو عەلی باپیر ڕایگەیاند: "ئێران وڵاتێکی گرنگ و کاریگەری ناوچەکەیە، بۆیە پێویستە ڕۆڵیشی هەبێ لە سەقامگیریی و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و عێڕاقیش ڕێز لە سنوورەکانی بگرێت و ڕێگانەدات خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتی هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ بەکاربهێندرێت."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باسی گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا، لەوبارەیەوە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە پێمانوایە ئەو دوو وڵاتە گەورە و زلهێز و خاوەن توانای عەسکەریی و هەژموونی خۆیانن، بۆیە پێویستە کێشەکانیان لە ڕێگای گفتوگۆو دانووستان چارەسەر بکرێن تا ڕێگا لە شەڕو خوێنڕشتن و کاولکاریی بگیرێت."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە ئاغای ئەمیریی، جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵی ئیسلامیی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکردووە کە وڵاتەکەی دۆستایەتیی و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش دەپارێزێت.