گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باس لە ’’گروپە نامۆکان’’ دەکات

ڕۆژنامەى فەرمى عێراق: ڕێککەوتنەکەى شنگال مێژووییە

2020.10.10 - 08:49
ڕۆژنامەى فەرمى عێراق: ڕێککەوتنەکەى شنگال مێژووییە

ناس کورد-

ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى عێراق، ڕێککەوتنەکەى شنگال بە سەرکەوتنى بەغدا وەسف دەکات بۆ بەهێزکردنى دەسەڵاتەکانى لە شنگال.

 

ڕۆژنامەکە (10 تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویکردەوە، لە ڕێککەوتنێکى مێژوویدا لەنێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتى فیدراڵى سەرکەوتوو بوو لە بەهێزکردنى دەسەڵاتەکانى لە شنگال و کۆتایی هێنان بە هەژمونى گروپە نامۆکان، هەروەها گەڕانەوەى سەقامگیریی بۆ ناوچەکە.



پێشتریش وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران سەروكاری ڕێككەوتنێكی مێژوویی كردووە لە شەنگال كە دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێز دەكات و ڕێگا دەكاتەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان.    

  

زیاتر بخوێنەوە: ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە بڵاوکرایەوە

 

لە دوو تویتدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، كە "ناس كورد" دیویەتی، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی عێراق، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ (هەینی 9 تشرینی یەکەمی 2020)، جەختیكردەوە، ئەو رێككەوتنەی لە شەنگال كراوە بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی، دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێز دەكات و كۆتایی بەدەسەڵاتی گروپە نامۆكان دەهێنێت و ڕێگا دەكاتەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بەهاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.    

  

 

تەلاڵ ئەوەشی وتووە "ئەوەی خەڵكیتر شكستی تێدا هێنا، حكومەت لە رێگای چاندنی متمانەو نیەت پاكییەوە سەركەوتوو بوو تێیدا بەرەو گەڕانەوەی ئاسایش و ئۆقرەیی و ئاوارەكان بۆ شەنگال".    

  

 

هاوکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "رێکەوتنەکە ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە رووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەته‌وە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش."    

  

 

ئاماژەی بەوەشكردووە "بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، هەردوولا رێکەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت، ئەم رێکەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.".