گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ’دەستپێنەکردنەوەی دەوامی خوێندن لە سلێمانی’

2020.10.09 - 22:12
ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ’دەستپێنەکردنەوەی دەوامی خوێندن لە سلێمانی’

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانییەوە ڕەتیدەکاتەوە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی بایکۆتکردنی دەوامی خوێندنەوە دابێت و دەڵێت، وەزیری پەروەردە پەیوەندی پێوەکردوون و پابەندی خۆیان بە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەوە راگەیاندووە.

 

لەڕاگەیەندراوێکدا (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی )2020، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، رۆژی شەممە، ڕێکەوتی 10 ی 10 ی 2020، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی.

 

 دواتر و ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020)، لە بەشێک تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێدوانێك بەناوی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە وتویەتی: " پێناچێت سبەینێ دەرگای ناوەندەكانی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕووی قوتابیاندا بكرێتەوە."

 

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەناس کوردی ڕاگەیاند: "نەبەڕێوەبەر و نە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە و ئەو لێدوانە دوورە لەڕاستییەوە و هەڵبەستراوە."

 

وتیشی: "هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانە، وەزیری پەروەردەی هەرێم پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە کردووە لەبارەی لێدوانەکەوە، بەڵام ڕوونکردنەوە دراوە بە وەزیری پەروەردە کە لێدوانەکە ڕاست نییە و هەڵبەستراوە."

 

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاماژەی بەوەشكرد: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی پابەندن بە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە و کردنەوەی دەوامی خوێندن، بەڵام وتووشیانە کە بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن مامۆستایانەوە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی بایۆتکردنی دەوامی خوێندنی ڕاگەیاند و داوای لەسەرجەم مامۆستایان کرد پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن، ئاماژەی بەوەشكردبوو، خوێندنی ئەلکترۆنی خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلییەکان و بەشێکە لە پرۆسەی بە پارەکردنی خۆێندن.