ناس کورد-
نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق وردەکاریى ڕێکەوتنەکەى نێوان حکومەتى هەرێم و فیدراڵى سەبارەت بە شنگال بڵاوکردەوە کە بەمێژووى وەسفدەکرێت بۆ چەسپاندن ئاسایش و ئۆقرەیى لەناوچەکەدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێکدا کە نوسینگەى ڕاگەیاندنى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق (9ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویکردووەتەوە و وێنەیەکی بەدەستى ناس کورد گەیشتووە، تێیدا وردەکارى ڕێکەوتنەکەى نێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم ئاشکرا کراوە بۆ چەسپاندنى دۆخى ئاسایشى ناوچەى شنگال.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کراوە، سەرۆک وەزیران کۆبونەوەیەکى لەگەڵ ژمارەیەک لەبەرپرسانى حکومەتى فیدراڵ و هەرێم و بەئامادەبوونى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق گرێداوە و لەسەر دۆخى شنگاڵ هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک کە ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە ناوەڕۆکەیەتى:
یەکەم :گەڕانەوەى ئاسایش و ئارامی بۆ شارۆچکەى شنگال.
دووەم: رێککەوتنى ئیدارى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و پارێزگاى نەینەوادا کرا بەڕەچاوکرتنى داواکارییەکانى خەڵکى شارۆچکەکە.
سێیەم: لەبوارى ئاسایشى ناوچەکەدا هێزى ئەمنیى فیدراڵ بەهەماهەنگى لەگەڵ هەرێمدا ئەرکەکە دەگرنە ئەستۆ.
چوارەم: دابینکردنى خزمەتگوزارى بۆ ناوچەکە دەکەوێتە ئەستۆى لیژنەیەکى هاوبەشى نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێم.
پێشتریش لە دوو تویتدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، كە "ناس كورد" دیویەتی، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی عێراق، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ (هەینی 9 تشرینی یەکەمی 2020)، جەختیكردەوە، ئەو رێككەوتنەی لە شەنگال كراوە بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی، دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێز دەكات و كۆتایی بەدەسەڵاتی گروپە نامۆكان دەهێنێت و ڕێگا دەكاتەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بەهاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
تەلاڵ ئەوەشی وتووە: "ئەوەی خەڵكیتر شكستی تێدا هێنا، حكومەت لە رێگای چاندنی متمانەو نیەت پاكییەوە سەركەوتوو بوو تێیدا بەرەو گەڕانەوەی ئاسایش و ئۆقرەیی و ئاوارەكان بۆ شەنگال".