گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەسپێکردنەوەی خوێندن ڕادەگەیەنێت

2020.10.09 - 16:57
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەسپێکردنەوەی خوێندن ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-

ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی دەوامی بەشێكی دیکە لە قوتابیان لەلایەن وەزارەتی پەرەوەردەوە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە ڕابگەیەنن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پەرەردەی هەرێم (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "رۆژی شەممە ، 10 ی 10 ی 2020 ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی". 

 

لەوبارەیەوە، مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بەناس کوردی ڕاگەیاند: "لەچەند کاتژمێری داهاتوودا وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکەینەوە و هەڵوێستی خۆمان لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنین."

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، لەڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنەکە بایکۆتکردنی دەوامی خوێندن ڕادەگەیەنن و بە بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوام لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕازی نابن.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی بەوەشكرد: "بەداخەوە لە پرسی بایکۆتکردنیشدا ناوچەکان یەک دەنگ نین و کاتێک لەسلێمانی بایکۆت ڕادەگەیەنرێت، لە هەولێر ڕاناگەیەنرێت، هەرچەندە لە هەولێریش بایکۆتکردن بەبێ دەنگی هەیە، بەپشت بەستن بەوەی لەساڵانی ڕابردووشدا چەندێک لە سلێمانی بایکۆت بووە، بەڵام ڕێژەی دەرچوون لە سلێمانی زیاتر بووە."

 

مامۆستا عادل حەسەن باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم پەروەردەی بەلاوە گرنگ نییە، تەنها دەیەوێت بڵێت کە خوێندن هەیە، ئەگەرنا دۆخی پەروەردە چی بەسەردێت بەلایەوە گرنگ نییە.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕەخنەشی لە وەزیری پەروەردە گرت و وتی: "بەداخەوە کە دۆخی مامۆستا بەوشێوەیە بێت، نزیکەی دوو مانگ بێت موچەی وەرنەگرتبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزیری پەروەردە هیچ هەڵوێستێکی نەبووە لەوبارەیەوە و تەنها پۆستەکەی و ڕازیبوونی حزبەکەی بەلاوە گرنگە."

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، قۆناغی ۱ و ۲ ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان  دەوام دەستپێدەکەن. 

 

سەبارەت بە قۆناغەکانى تر ئاماژە بەوە کراوە، قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی ، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی. 

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی یەی کە لە قوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیان دەدرێت بەکاری دەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان.