ناس کورد-
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی"میدل ئیست ئای" بەریتانی ئاشکرایکرد، واشنتۆن پلانی هەیە لە ئەگەری کشانەوەی باڵوێزخانەکەی لەبەغدا، 80 پێگە وحەشارگەی جیاوازی میلیشیاکانی نزیک لەئێران و سەرکردەکانیان بکات بەئامانج.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە بەریتانییەکە (10ی تشرینی یەکەمی 2020) کەناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژە بەوە کراوە "ئەمریکا لیستێکی بەو پێگانە ئامادەکردووە کە پێکهاتووە لە 80 شوێن، پێگە و حەشارگەی جیاوازی ئەو میلیشیایانەی کە نزیکن لە ئێران و تۆمەتبارن بەئامانجگرتنی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا".
ئاماژە بەوەشکراوە "واشنتۆن بەنیازە هەر کات بڕیاریدا باڵوێزخانەکەی لەبەغدا بکشێنێتەوە ئەو پێگانە بکات بەئامانج و خاپوریان بکات".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی" میدل ئیست ئای"، ئەو لیستەی کە ئەمریکا ئامادەی کردووە پێگە وحەشارگە نهێنییەکانی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتى عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حیزبوڵا دەگرێتە خۆی".
باس لەوەشکراوە، "هەموو ئەو گروپە چەکدارە شیعییانەی کە لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و تەنها بەڕووکەش لەژێر ڕکێفی حکومەتی عێراقدان".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە "سەرکردەی ئەو گروپە چەکدارانە وتویانە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە 20ی ئەیلولی ڕابردوودا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی ئەو پێگەیانەیان کردووە کە ئەمریکا بەنیازە لەکاتی پاشەکشەی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا بیانکات بە ئامانج و پۆمپیۆ چەندین وێنەی شێركردووە هی ئەو بنكە و بارەگایانەی ئەمەریكا دەیانكاتە ئامانج.