گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی هادی عامری و عەلی باپیر

2020.10.08 - 18:52
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی هادی عامری و عەلی باپیر

ناس كورد-

لەكۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحدا، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، كورد جگە لە موچە و بودجە، كێشەی خاك و چەوساندنەوەی نەتەوەییشی هەیە بەتایبەت لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

 

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، (8/10/2020)، وەفدی باڵای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر لە بەغدا لەگەڵ هادی عامریی سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبووەوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی ئێستای عێراق‌ و پڕۆسەی سیاسیی‌ و ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی عێڕاق بوونەتەوە کرا .

 

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی جەختیکردەوە کە زیاد لە هەر كاتێکی دیکە عێراقییەکان پێویستییان بە تەبایی ‌و پەیوەندییەکی دروست هەیە تا ئارامیی‌و ئاسایش بۆ وڵات بگەڕێتەوە .

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ‌ و هەرێمی کوردستانیش، عەلی باپیر ڕایگەیاند: "بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی لە ڕابردوودا بۆتە هۆی دروستبوونی گرژیی ‌و ئاڵۆزیی لەو پەیوەندییانەدا، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەو كێشانە لەسەر بنەمای دەستور چارەسەربكرێن."

 

عەلی باپیر باسی لەوەشکرد کە کورد جگە لە شایستە داراییەکانی مووچەو بودجە، کێشەی خاک ‌و چەوساندنەوەی نەتەوەییشی هەیە، بەتایبەت لەناوچە کێشە لەسەرەکان‌و جێی خۆیەتی بڕیار بەدەستەکانی عێراق هەڵەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دووبارە نەکەنەوە تا هەمووان عێراق بە وڵاتی خۆیان بزانن .

هاوكات بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق ‌و ڕێگانەدان بە دەستوەردانی وڵاتانی بێگانە لەکاروباری سیاسیی‌ و سەربازیی‌ و ئەمنیی‌ و ئابوریی عێراق.