ناس کورد-
بەگوێرەی ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی کۆرۆنا لە عێراق، 3522 توشبووی نوێی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و 79 توشبووش گیانیانلەدەستداوە کە زۆرترینیان لەشاری سلێمانی بوون و تەنها لەو پارێزگایە 21 کەس گیانیانلەدەستداوە.
لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق (پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 3522 توشبووی نوێی ڤایرۆسەکە لەسەرانسەری عێراق دەستنیشانکراون و کۆی گشتیی توشبووان گەیشتووەتە، 394 هەزار و 566 توشبوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوکات 79 توشبووی دیکە گیانیانلەدەستداوە، کە سلێمانی لەپلەی یەکەمدایە بە 21 گیانلەدەستدان و کۆی گیانلەدەستدانیش بە ڤایرۆسەکە لەعێراق گەیشتە 9683 گیانلەدەستدان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چوار هەزار و 31 توشبووش چاکبوونەتەوە، واتە ژمارەی چاکبووان لە توشبووان زیاترن و ڕێژەی چاکبوونەوەش گەیشتە %82.1.