گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میدیای فەرمی یەکێتی: فەرمانبەران پاش 50 ڕۆژ چاوەڕوانی موچەی نیسانن

2020.10.08 - 14:53
App store icon Play store icon Play store icon
میدیای فەرمی یەکێتی: فەرمانبەران پاش 50 ڕۆژ چاوەڕوانی موچەی نیسانن

ناس كورد-

میدیای فەرمى یەكێتی لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی عێراق بەچەند رۆژێك موچەی مانگی ئەیلول دابەشدەكات و لە هەرێمی كوردستانیش فەرمانبەران زیاتر لە 50 رۆژە چاوەڕێی موچەی مانگی نیسان دەكەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

میدیای فەرمى یەكێتی، (8ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویكردۆتەوە "لەهەرێمی كوردستان فەرمانبەران زیاتر 50 رۆژە مووچەی مانگی نیسانی ئەمساڵیان وەرنەگرتوەو كاتی دابەشكردنی مووچەش نازانرێت و حكومەتی هەرێمیش بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕێی 320 ملیارەكەی بەغدا دەكات."

 

ئەو هەواڵەی میدیای رەسمی یەكێتی دوای ئەوە دێت كە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی ئەو حزبە لە دوا دیداری لەگەڵ شاندێكی ئەمریكیدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنی حزبەكەی كردبو ئەگەر بێتو خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت لەوانە چاكسازی و پرسی لامەركەزی، جێبەجێ نەكرێن.

 

بڵند ئیسماعیل، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە میانەى لێدوانێکى بۆ میدیاى فەرمى سەرۆکى حکومەت وەڵامى لێدوانەکانى لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى دایەوەو رایگەیاند"هەرچەندە گرووپێكی نێو یەكێتی لەو كاتەوەی حكوومەت پێكهێندراوە، شان نادەنە بەر بەرپرسیارێتی و هەر خەریكی موزایەدە و چەواشەكارین، بەڵام پارتی پابەندە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی و قسەی یەكێتیش تەنیا لە یەكێتییە راستەقینەكان وەردەگرێت". 

 

وتیشی"لە بابەتی چاكسازیدا هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان جددیانە كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات، بەڵام ئەو گرووپەی یەكێتی نەك هەر نایانەوێت جێبەجێ بكرێت، بەڵكو دەبینین كە لە سنووری ناوچەكانی زۆنی سەوزدا قاچاخچێتیی دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان و فڕۆكەخانەكان بە ڕوونی دیارە."

 

بڵند ئیسماعیل پێیوایە كە باشترە بابەتی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتننامەی یەكێتی و پارتی بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت جێبهێڵدرێت.