گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پلانی نوێی بەغدا بۆ چاكسازی: سیستمێكی نوێی موچە

2020.10.08 - 10:48
پلانی نوێی بەغدا بۆ چاكسازی: سیستمێكی نوێی موچە

ناس کورد-

هەندێ بڕگە و تەوەرەی ئەو پلانە ئاشكرا بوو كە وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئامادەی كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و بڕیارە پاش رادەستكردنی بە مستەفا كازمی ڕەوانەی پەڕلەمان بكرێت.

 

بەگوێرەى بەدواداچوونەكانی "ناس كورد" لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی بەغدا، (8ى تشرینی یەكەمی 2020)، پلانەكە كە ناوی "وەرەقەی سپی"یە، لەسەر دوو تەوەرەی سەرەكی بنەڕەتە كە راگرتنی بەهەدەردانی سامانی وڵات لەلایەك و زیادكردنی داهاتی نا نەوتییە لەلاكەیتر لە رێگای باجەكانەوە، لەگەڵ دانانی سیستمێكی نوێی موچە كە ڕەچاوی دادگەری كۆمەڵایەتی بكات و جیاوازییە زۆرەكانی نێوان چین و توێژەكان لەوەرگرتنی موچە كەمتر بكاتەوە.

 

هەروەها لەبارەی بەهەدەردانەوە باس لەوە كراوە، عێراق گازی سروشتی دەكڕێت لە ئێران بە سێ قاتی نرخی خۆی و وەك یارمەتی دەیداتە كۆمپانیای بەسمایە وەك پاڵپشتی ئەویش بەسێ قات كارەبا دەفرۆشێتەوە بە حكومەت خۆی پاش بەرهەمهێنانی كارەبا.

 

پێشتر سەرچاوەیەکى ئاگادار بە "ناس كورد" ی ڕاگەیاند، پلانی چاکسازیی دارایی کە مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڵێنى ئامادەکردنی دابوو تەواو بووە، پلانەكەش پەیوەستە بە چاككردنی ئەو بارودۆخە ئابورییەى وڵاتى پێدا تێدەپەڕێت. 

 

مستەفا كازمی لەمیانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقیەی فەرمی دەوڵەت  (شەوی 3 /4  تشرینی یەكەمی 2020) وتی "عێراق مایەپووچ نابێ، راستە بەترسناكترین قەیرانی ئابووریدا دەڕۆین، بەڵام شەو و ڕۆژ کار دەكەین بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی لەسەر هەژاران".

 

وتیشی "ئیدارەیەكی شكستخواردووم وەرگرتووە، هیچ دەوڵەتێك نییە 95% پشت بەنەوت ببەستێت وەك عێراق، ئەی كوا كشتوكاڵ؟ هەمووی لەناوبرا بۆ ئەوەی تەنها پشت بەنەوت ببەستین، تەنانەت سعودیە و ئیماراتیش وەك عێراق پشت بەنەوت نابەستن". 

 

لەبارەی بودجەو مووچەشەوە کازمی ئاماژەی بەوەکرد "ڕاشكاوانە بەخەڵك دەڵێم، خەڵكانێك خڵافاندوونیانن بەدامەزراندنی زۆر، هیچ دەوڵەتێك نییە لەدنیا چوار ملیۆن فەرمانبەری تیا بێت".

 

لەبارەی چارەسەری ئەم دۆخەش، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێستا کار لەسەر وەرەقەكی چاكسازی دەكەن كە ناوی "وەرەقەی سپی"یە و پلانی ئاشتكردنەوە و چارەسەر دەبێت و لەماوەی داهاتوو بۆ باشكردنی دۆخی دارایی ڕادەگەیەنرێت.

 

وتیشی، 60% خەڵكی عێراق گەنجن و تەكنەلۆجیا ئاراستەیان ئەكات نەك حیزبەكان، ئاماژەی بەوەشكرد " لەئێستادا لەقەیرانێكی دارایی راستەقینەداین کە وێنەی نەبووە لە مێژووی عێراق، هەموو ئەو نەوتەی دەیفرۆشین پارەكەی لە ئەمەریكایە".