ناس كورد-
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، جەخت لە گرنگی یەكلاكردنەوەی پڕۆژەی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی و هەروەها گرنگی هەماهەنگی نێوان دەزگا دادوەرییەكانی فیدراڵ و هەرێم دەكاتەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار (7ى تشرینى یەکەمى 2020)، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق لە شوێنی مانەوەی لە سلێمانی پێشوازی كردوە لە فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و شاندێكی یاوەری، بە ئامادەبونی بەنگین قاسم، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و ئەندامدانی ئەنجومەنەكەو هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی.
راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لە دیدارەكەدا، جەخت لە پێویستی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری كراوەتەوە لە پتەوكردنی بنەمای دادپەروەری و جێبەجێكردنی یاسا و بەهێزكردنی سەروەری دەوڵەت و هەروەها گرنگی هەماهەنگی نێوان دەزگا دادوەرییەكانی فیدراڵ و دەزگا دادوەرییەكانی هەرێم بەگوێرەی دەستور كە ئەوەش دەرگا لەبەردەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكاتەوەو چارەسەریی داخوازییە یاسایی و تەشریعییەكان لە وڵات خێراتر دەكات و كاریگەریشی لەسەر بەهێزكردنی دەسەڵاتی یاسا دەبێت.
هەروەك لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و پێویستی دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی كراوە بەشێوەیەك كە دەستەبەری بێگەردی هەڵبژارنەكەو رێگری لە ساختەکارى بكات.
هەروەها جەختیش لەوەكراوە كە پێویستە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و رێگری لەو رێوشوێنانە بكرێت كە لە یاسا دەرچون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"گفتوگۆ لەبارەی گرنگی یەكلاكردنەوەی پڕۆژەی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی كرا لەگەڵ هەماهەنگی دەزگای دادوەری فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە و جەختیش لەسەر رۆڵی گرنگی دادگاكە لە زۆرێك لە پرسە سیاسی و ئیدارییەكانی وڵات و كاركردن لەسەر یەكلاییكردنەوەی بەگوێرەی دەستور كرایەوە."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە سەرۆك كۆمار جەختی لە پشتیوانی خۆی كردۆتەوە بۆ هەمو هەوڵێكی دەزگای دادوەری فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكاریش دەبێت بۆ ئامادەكردنی ئەو یاسایانە كە دەچنە خزمەت یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و جێبەجێكردنی دادپەروەری و بەهێزكردنی سەروەری دەوڵەت لە سەپاندنی یاساو دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیان.
راگەیەندراوەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دادوەرەكان سوپاسی سەرۆك كۆماریان كرد لەپای ئەو دیدارە گرنگەو پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دەستكردن بە بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوان دەزگا دادوەرییەكان لەپێناو جێبەجێكردنی یاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت.