کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
لەژێر تیشکی خۆر لە بیابانێکى شاری دوبەی، پرۆژەیەکى تیشکى خۆر بوونیاد دەنرێت، کە بە گەورەترین پرۆژەى لەو جۆرە لە جیهاندا دادەنرێت.
.
ئەو پرۆژەیە ناوى محمد بن ڕاشد ئال مەکتوم بۆ وزەی خۆرى لێنراوە، مانگە دەستکردەکان لە بۆشایی ئاسمانەوە وێنەی گەورەیی قەبارەی پڕۆژەکەیان گرتووە کە لە هەشتەمین ساڵی بونیادنانیدایە و لە ساڵى 2030 کۆتایی پێدێت.
.
دەستەی ئاو و کارەبای دوبەی ڕایگەیاندووە، ئەو پرۆژە ستراتیژییە زیاد لە 13 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارى تێدەچێت، کە لە توانایدا دەبێت نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار ماڵ ڕووناک بکاتەوە، بەوەش ساڵانە دروستبوونی کاربۆن بەڕێژەى 6 ملیۆن و 500 هەزار تۆن کەدەبێتەوە.
.
وا بڕیارە پرۆژەکە لە ساڵى 2030دا تەواو ببێت، کە ماوەی دروستکردنەکەى سێ هێندەی ماوەی دروستکردنی تاوەرى خەلیفەی پێدەچێت، لە ئێستادا قۆناغى یەکەم و دووەمى پرۆژەکە جێبەجێکراوە، 2 ملیۆن و 300 هەزار شانەی کۆکەرەوەی وزەی خۆری تێدایە، کە 213 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، قۆناغى سێیەمى پرۆژەکەش لەساڵی 2020دا تەواو دەبێت.
.
ئامانجی دروستکردنى ئەو پرۆژەیە بەرهەمهێنانى وزەیە لەڕێى تیشکى خۆرەوە تا ئاستى بەرهەمهێنانى 5 هەزار مێگاوات کارەبا، بەوەش دەبێتە گەورەترین پرۆژەى بەرهەمهێنانى وزە لە ڕێى تیشکى خۆرەوە، کە لە یەک پانتاییدا دروستکرابێت.
.
یەکێک لەو گرفتانەى واى کردووە پرۆژەکە بەخێرایی بەڕێوەنەچێت، خۆڵ و تەپوتۆز و گەردەلولى خۆڵیی بیابانەکانە، کە تەنانەت بڕی وزەی بەرهەمهاتوش کەمدەکاتەوە.
.
ئەو پلانە ستراتیژییە وادەکات، دوبەى تا ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن بگەیەنێتە 25% و تا ساڵی 2050 بەرزی بکاتەوە بۆ 50%.
.
.