گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نهێنى هەڵکشانی ئامارى مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانى ڕاگەیەنرا

2020.10.07 - 11:14
نهێنى هەڵکشانی ئامارى مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانى ڕاگەیەنرا

ناس کورد-

پارێزگارى سلێمانى ڕایگەیاند، بەشێک لەو کەسانەى بە کۆرۆنا دەمرن خەڵکى سنورى پارێزگاکە نین، بۆیە ئامارى مردن ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووە.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان سێ هۆکارى بۆ بەرزبوونەوەى ئامارەکانى مردن بە کۆرۆنا دیاریکرد، کە یەکێکیان کەمى سەرچاوەى مرۆییە کە بەهۆى دابەشنەکردنى موچە و خراپى دۆخى دارایی و کەمى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە سەریهەڵداوە.

 

وتیشى، "هۆکارێکى تر ئەوەیە خەڵک لە کەمپى مەخمورەوە تا کەرکوک، کۆیە، هەڵەبجە، ئیدارەى گەرمیان، راپەڕین بەشێک لە هەولێر، بەغدا، هەندێ هاوڵاتى ئێرانى بۆ چارەسەر دێنە سلێمانى و کاتێک دەمرن لەسەر سلێمانى حساب دەکرێن".

 

پارێزگارى سلێمانى باسى لەوەشکرد، هۆکارى سێیەم هاتنى وەرزى پایزە کە هەندێک هاوڵاتى کاتێک توشى کۆرۆنا دەبن پێیانوایە پەتاى وەرزییە، کاتێک دەچنە نەخۆشخانە کە دۆخیان زۆر خراپ بووە.

 

ئەوەشى خستەڕوو، سلێمانى لەحاڵەتى تەواوەتى بڵاوبوونەوەى پەتاکەدایە و لەدوو هەفتەى داهاتوودا پارێزگاکانى دیکەش تووشى ئەو رەوشەى سلێمانى دەبن.

 

تەندروستيى سلێمانى (4ی تشرینی یەکەمی 2020) هەڵکشانى ئامارى گیانلەدەستدانى بە کۆرۆنا بە "زەنگى مەترسی" دانا و داواى گرتنەبەرى هەنگاوى پێویستى کرد.  

 

یاد نەقشبەندى، وتەبێژى تەندروستى سلێمانى (6ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، پابەندنەبوونى خەڵک بە تاکپارێزى، تێکەڵبوونى توشبووان لەگەڵ خەڵک، پەتاى وەرزى هۆکارى هەڵکشانى ئامارى مردنن بە کۆرۆنا.  

  

لەبارەى ئەوەى ئایا ڤایرۆسەکە کوشندەتر بووە، یاد نەقشبەندى وتى "نەخێر بەڵام هەر کەسێک کە سەرەتا نیشانەى سوکى هەبوو چارەسەرى وەرنەگرت، نیشانەکانى قورستر دەبێت و قورسە چارەسەر بکرێت".  

  

نەقشبەندى داواى لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەپەلە بجوڵێن بچنە سەر خەت بۆ ئەوەى پێکەوە روبەڕووى شەپۆلى هەڵکشاوى ئامارەکان ببنەوە.  

  

جەختیشیکردەوە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەموو نەخۆشخانەکانیش تایبەت بکرێن بە کۆرۆنا، بەشى توشبووان ناکات.