گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلی باپیر و مستەفا كازمی باسی موچەی فەرمانبەران و پارەی جوتیارانیان كردووە

2020.10.06 - 23:26
عەلی باپیر و مستەفا كازمی باسی موچەی فەرمانبەران و پارەی جوتیارانیان كردووە

ناس کورد-

عەلی باپیر و شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد و "داوایان لە سەرکۆەزیرانی عێراق کردووە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکەن".

 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2020، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و شاندی هاوڕێی سەردانی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان کە ئەندامێکی شاندەکەیە دەڵێت، "ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامیی خوازیاری پەیوەندییەکی زۆر باشی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵین و بۆئەم مەبەستەش هەرچی بە ئێمە بکرێت ئامادەین وەک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێی بکەین" .

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بە خراپی دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئێستا دۆخیان زۆر خراپە، نە موچەکانیان بە تەواوی پێدەدرێت نە لە کاتی خۆشیدا وەریدەگرن، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئەو پارەیەی بۆ موچە دەینێرن بە زوویی ڕەوانەی بکەن بەجۆرێک هیچ بارودۆخ و ململانێیەکی سیاسیی نەبێتە هۆی دواکەوتن یان ڕاگرتنی" .

 

هاوکات، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان، شاندی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان باسیان لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانیان کرد کە بڕەکەی 576 ملیار دینارە و داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ئەو پارەیە بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات .

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لای خۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەربڕی و لەسەر داوای عەبدولستار مەجید، ئەندامی شاندەکە، ئامادەیی خۆی نیشاندا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشوازی لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بکات .

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد: "عێراق بە دۆخێکی خراپی داراییدا تێدەپەڕێت کە دەرەنجامی کەڵەکەبووی گەندەڵیی ساڵانی ڕابردووە و ئێمە بەرپرسین لە چاککردن و هەنگاوەکانیشمان بەو ئاراستەیەدا دەست پێکردووە و هەوڵیش دەدەین هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازیی سەیر بکەین" .

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیش، عەلی باپیر داوایکرد کە یاساکە بەجۆرێک بێت کە دادپەروەریی زۆری تێدا بێت و نەتەوەیەکگرتووەکانیش سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پرۆسەکە بکات .