گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی هەندێک گەنجی تەندروست بە کۆڕۆنا گیانلەدەست دەدەن؟

2020.10.06 - 22:33
بۆچی هەندێک گەنجی تەندروست بە کۆڕۆنا گیانلەدەست دەدەن؟

ناس کورد-

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆچوونێک بڵاوبووەوە کە کاریگەریی زۆر لەسەر گەنجان دروست ناکات، بەڵام لەئێستادا خەریکە ئەو بۆچوونە پوچەڵ دەبێتەوە، پزیشکێکی پسپۆڕیش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە، بۆچی هەندێک گەنجی تەندروست بە کۆرۆنا گیانلەدەست دەدەن؟.

 

د. پشتدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و نەشتەرگەری گشتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە،  هەرچەندە تا ئێستا هۆکارێکی دیارو زانراو نیە، بەڵام هەندێک ڕا هەیە لەوانەیە یەکێک لەوانە هۆکار بێت کە ئەمانەن:

 

یەکەم: جیاوازی جێنێتیک یان بۆماوەیی ئەویش بەهۆی بوونی جیاوازی بۆماوەیی ڕێژەی ACE 2 ڕیسێپتەر(وەرگر) لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر کەوا زانراوە ئەم ڤایرۆسە بەو ڕیسێپتەرانەوە ئەنووسێت و مرۆڤەکە تووش ئەکات.

 

دووەم: ڕایەکی تر ئەوەیە کە لەوانەیە ئەو کەسە ڕێژەیەکی کەم پڕۆتینی سێرفەکتانتی (surfactant)(پڕۆتینێکە کە تورەکە هەواییەکانی سیەکان لە ڕەق بوون ئەپارێزێت) هەبێت ،واتە ئەگەر ئەو کەسە بڕێکی کەمی هەبێت تورەکە هەواییەکان ڕەق ئەبن و توانای کشانیان نابێت و کەسی تووشبوو بەرگەی ڤایرۆسەکە ناگرێت.

 

سێیەم: ڕایەکەی تر ئەوەیە لەوانەیە هۆکارەکەی درووست بوونی حاڵەتی سایتۆکین ستۆڕم (cytokine storm) بێت،کە ئەویش بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر پڕۆتینی سایتۆکین بێت لەلایەن خانەکانی بەگری نەخۆشەکەوە، ئەو پڕۆتینەش پەلاماری خانەکانی سیەکان بدات و زیانێکی زۆری پێ بگەیەنێت و نەخۆشەکە بەرگەی نەگرێت و گیان لەدەست بدات.

 

چوارەم: ڕایەکی تر ئەوەیە لەوانەیە نەخۆشەکە بڕێکی زۆر ڤایرۆسی وەرگرتبێت، بۆیە تکایە خۆپارێزی بکەن و ماسک ببەستن بۆ ئەوەی ئەگەر تووشیش بیت بڕێکی کەم ڤایرۆست وەرگرتبێت و بۆ ئەوەی بەسووکی نەخۆشیەکە بگریت.