ناس کورد-
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان چەند کەسێک بەتۆمەتی کاری تەزویکردن و قاچاخچێتی دەستگیرکران، لە چەند میدیا و پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەهێنرێت کە دەستگیرکرابێت، بەڵام ناوبراو ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت، ئەو زانیارییانە دوورن لەڕاستییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمشەو (6ی تشرینی یەکەمی 2020) هەواڵی دەستگیرکردنی محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان و چەند کەسێکی دیکە بە تۆمەتی "کاری تەزویر لە مەرزی پەروێزخان" بڵاوبووەوە.
ناس کورد پەیوەندی بەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە کرد و ناوبراو وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند: "ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە و من لە ماڵەوە دانیشتووم، نە دەستگیرکراوم و نە فەرمانی دەستگیرکردنیشم بۆ دەرچووە، ئامادەشم لەسەر هەرشتێک کە لەسەرم بڵاودەکرێتەوە بچمە بەردەم دادگا."
محەمەد شێخ وەهاب ئاماژەی بەوەشكرد: "هەندێک کەس هەن ماوەیەکی زۆرە دژایەتی من دەکەن بەهۆی ئەو کارانەی من دەیکەم، بۆیە ئەو زانیارییە ناڕاستانە بڵاودەکەنەوە وتۆمەت دەدەنە پاڵم، من ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیم و هەرشتێک کە لەسەرم بڵاودەکرێتەوە ئەگەر بسەلمێنرێت با ڕووبەڕووی دادگام بکەنەوە."
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بەبێ ئەوەی ناوی هیچ بهێنێت بە ناس کوردی وت: "چەند کەسێک بەتۆمەتی کاری تەزویرکردن لەسنوری ئیدارەی گەرمیان دەستگیرکراون."
وتیشی: "چەند کەسێکی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و فەرمانکراوە کە ڕێگەی چوونەدەرەوەی وڵاتیان لێبگیرێت."