ناس کورد-
وەزارەتى بازرگانیی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند، هۆكارى دواكەوتنى دابەشكردنى بەشە خۆراك بۆ ئەوە دەگەرێتەوە پارە بۆ وەزارەتى بازرگانى عێراق دابيننەكراوە بۆ كڕينى شتومەک و جەختی کردەوە کە هەفتەى داهاتوو دەست بە دابەشكردنى شەكر دەكەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەوزاد شێخ كاميل، بەڕێوەبەرى بازرگانى لە وەزارەتى پيشەسازى و بازرگانى هەرێم بە ناس كوردى وت، هۆكارى دواكەوتنى دابەشكردنى بەشە خۆراك بۆ وەزارەتى بازرگانى عێراق دەگەڕێتەوە و بودجەى ساڵى 2020 تێنەپەڕێنراوە، بۆيە ئەو بەشە پارەى دانراوە بۆ وەزارەتى بازرگانى عێراق بەشى ئەو ماددە خۆراكيانە ناكات كە پێويستە دابينى بكات.
وتيشى، لە هەرێميش دوو بەش شەكر و زەيت و برنج دابەشكراوە و دواتر دوو بەش برنج دابەشكراوە، هەروەها يەك بەشە شەكرى تر لە كۆگاكانە و ئامادەيە بۆ دابەشكردن و چاوەڕوانى ئەوەيە پشكنينى كواڵێتى كۆنتڕۆڵ بگەڕێتەوە و لەوانەيە هەفتەى داهاتوو دابەشبكرێت.
نەوزاد شێخ كاميل ئەوەشى بۆ ناس كورد ئاشکرای کرد کە بڵاوبونەوەى كۆرۆنا و قەيرانى دارايى و كەمكردنەوەى بودجە بەشە خۆراكيەكانيشى گرتوەتەوە و ئەوەش تەنها لە هەرێم نييە، بەڵکو هەموو عێراقى گرتوەتەوە، تائێستا نرخى كەلوپەل و كاڵا بەرز نەبوونەتەوە هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خۆراكێكى زۆر لەناو كۆگاكانى هەرێم هەيە و كۆمپانياكان هێناويانە.
ڕونيشيكردوەتەوە، هەروەها حكومەتى هەرێميش بەهۆى كۆرۆناوە هەوڵى كۆكردنەوەى كۆمەكى داو دابەشيكرد بەسەر كەمدەرامەتەكاندا، هەروەها وەزارەتى كار و كاروبارى كۆمەڵايەتيش هەندێك پێداويستى لە ڕێكخراوەكان وەرگرتوەو دابەشيان دەكات، چاوەڕێش دەكەين لە ئايندەدا بەشە خۆراكى تريشمان بۆ بێت.