گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنەی ڕووتی گرتوون و بڵاویکردووەتەوە

هەرێم؛ کەسێک بەزۆر کاری لەشفرۆشی بە هاوسەر و کچەکەی دەکات

2020.10.06 - 19:40
هەرێم؛ کەسێک بەزۆر کاری لەشفرۆشی بە هاوسەر و کچەکەی دەکات

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی حکومەت هۆشداری دەدات لە زیادبوونی حاڵەتەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێم و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێت، بازرگانیکردن بە ئافرەت و بەکارهێنانی بۆ کاری سێکسی زیادیکردووە و چیرۆکی کەسێکیش دەگێڕێتەوە کە هاوسەر و کچەکەی ناچار کردووە لەشفرۆشی بکەن.

 

دوێنێ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2020، لەمیانەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆکی حکومەت دەربارەی پرسی تایبەت بە مافی ئافرەتان ڕایگەیاند: "ئێمە جگە لەچەند بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە ئافرەتان، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤمان هەیە و پێویستە ڕێگری لەوە بکەین ئەو کارە ببێتە دیاردە، چونکە عەیبەیەکی گەورە دەبێت بۆ کۆمەڵگاکەمان."

 

لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەهەرێم جیاوازن، بۆ نمونە لەو کەیسانەی کە تۆمارکراون بریتین لە بازرگانیکردن بە کرێکاری بیانی، بازرگانیکردن بە ئافرەتان بۆ کاری سێکسی، بەکارهێنانی منداڵ بۆ سواڵ کردن، بەقاچاخبردنی خەڵک، کارپێکردنی کرێکار و پێنەدانی پارەکەی و هەندێک بابەتی دیکە."

 

وتیشی، تائێستا چەندین کەسیان بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکردووە و چەندین کەسی دیکەش کە بازرگانیان پێوەکراوە ڕزگارکراون. 

 

بەوتەی ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، حاڵەتی بازرگانیکردن بە ئافرەتان و بەکارهێنانی بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی یەکێکە لەو جۆرە بازرگانیانەی کە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە.

 

سەرچاوە باڵاکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی قسەی بۆ ناس کورد کرد، ئەوەی ئاشكراکرد: "لەنوێترین کەیسدا کە لەمساڵدا تۆمارکراوە، لە شارێکی هەرێم (ناوەکەی لای ناس کورد پارێزراوە) پیاوێک وێنەی نەشیاوی هاوسەر و کچەکەی بڵاوکردووەتەوە و بۆ بەدەستهێنانی پارە ناچاری کردوون کاری سێکسی لەگەڵ خەڵکدا بکەن."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "خۆشبەختانە زوو بە حاڵەتەکەمان زانی و پیاوەکەمان دەستگیرکرد و لەئێستادا لە بەندیخانەیە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە، کچ و دایکەکەش لەو دۆخەی تێیدا بوون ڕزگار کران".

 

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەساڵی 2017 نزیکەی 250 کەیسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تۆمارکراون و کەیسی زیاتر لە 700 منداڵیش تۆمارکراوە کە سواڵیان پێکراوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، یاخود کەسانی دەرەوەی خێزانەکانیان.

 

سەرچاوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەگەرچی ئامادەنەبوو ئامارەکانی ئەمساڵ ئاشكرابکات، بەڵام باسی لەوەکرد، ئامارەکان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو کەمیانکردووە، بەڵام جۆری بازرگانیکردن بە ئافرەت بۆ کاری سێکسی زیادیکردووە.

 

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە 30ی تەموزی 2020 و لەڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بازگانیکردن بە مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئێستا لە جیهاندا 25 ملیۆن کەس بازرگانییان پێوە دەکرێت، بەکۆیلە دەکرێن و دەستدرێژیی سێکسییان دەکرێتەسەر.