گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژنامەیەک ژمارەى پڕۆژە لەکارکەوتووەکانى عێراقى ئاشکراکرد 

2020.10.06 - 15:51
ڕۆژنامەیەک ژمارەى پڕۆژە لەکارکەوتووەکانى عێراقى ئاشکراکرد 

ناس کورد-

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرایکرد، زیاتر لەشەش هەزار پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ لە عێراق ڕاوەستاون یان تەگەرەیان تێکەوتووە، بەهای ئەو پڕۆژانەش بە زیاترلە 100 ملیاردۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی، "ئیندپندنت" (6ى تشرينی یەکەمی 2020) کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژە بەوە کراوە "ڕۆتین، ئاستەنگییە کارگێرییەکان و کەمی تەمویل هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانن لەعێراق".

 

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ئێستادا بەهۆی کەمی تەمویلەوە زیاتر لە شەش هەزار و 250 پڕۆژەی جیاواز لە عێراق ڕاوەستاوە یان تەگەرەی تێکەوتووە، کە ئەوەش وا دەکات حکومەت ناچاربێت بەشێکی زۆر لەو پڕۆژانە بەمەبەستی تەواوکردنیان ئاڕاستەی کەرتی تایبەت بکات".

 

هاوکات دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوە کردوە " تێچووی تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە لە ئێستادا ڕاوەستاون بەزیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بۆیە پێدەچێت حکومەت ناچاربێت بەشێک لەو پڕۆژانە هەڵبوەشێنێتەوە یان ئاڕاستەی کەرتی تایبەتی بکات بۆ تەواوکردنیان".  

 

حەسەن جەلال، ئەندامی لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی عێراق لەو باریەوە دەڵێت "بانکەکانی عێراق ئاستەنگی زۆریان داناوە بۆ پێدانی قەرز بە وەبەرهێنەران، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی داوکەوتن و ڕاوستانی پڕۆژەکانە، بۆیە دەبێت ئەو بانکانە بەشێویەکی ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەراندا بکەن".

 

جەلال، ئەوەی ڕوونکردوەتەوە، "بانکەکانی عێراق ڕەتیانکردووەتەوە قەرز بدەن بەو پڕۆژانەی کە لە 25%ی تەواو بووە، ئەوەش وایکردووە وەبەرهێنەران بیر بکەنەوە پڕۆژەکانیان لە شوێنێکی دیکەی جیهان ئەنجام بدەن".

 

لای خۆیەوە موزهر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری پێشووی ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق  ئاماژەی بەوە کردووە "حکومەتی عێراق لەساڵانی ڕابردوودا خۆی پابەندکرد بە ئەنجامدانی هەزاران پڕۆژەی وەبەرهێنانی گرنگ، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی هەرتەنگەژەیەکی ئابووری ونەبوونی تەمویلی پێویست بەشێک لەو پڕۆژانە ڕادەوەستان".

 

ساڵح، ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە "حکومەتی عێراق ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک ئەو پڕۆژانەی کە لەئێستادا ڕاوەستاون لەچوارچێوەی بودجەی گشتی 2021 تەواو بکات".