گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەزیلە چارەسەرێكی بۆ قەیرانی دارایی عێراق پێشنیاركرد

2020.10.06 - 15:12
فەزیلە چارەسەرێكی بۆ قەیرانی دارایی عێراق پێشنیاركرد

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى حزبى فەزیلە چەند پێشنیارێک بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى دارایى عێراق دەخاتە ڕوو کە لە گرنگترینیان کەمکردنەوەى مووچەى بەرپرسانى حکومەت و پلە باڵاکانە.

 

عەممار توعمە، پەرلەمانتارى حزبى فەزیلە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا چەند پێشنیارێکى خستەڕوو بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى دارایى عێراق و پێشنیارى ئەوە دەکات پێداچوونەوە بە پابەندبوونى عێراق بکرێت بە کەمکردنەوەى هەناردەکردنى نەوت و بەپێویستى دەزانێت کە هەموو هەوڵێکى دبلۆماسى بدرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێژەیەى هەناردەى نەوت کە لە رابردوودا هەبوو کە بەبڕواى ئەو ئەم کارە دەبێتە هۆى فەراهەمبوونى زیاتر لە تریلیۆنێک و چوارسەد ملیار دینارى مانگانە.

 

هاوکات پەرلەمانتارەکەى فەزیلە پیشنیارى ئەوە دەکات جدییەت بنوێنرێت لە کۆکردنەوەى داهاتى دەروازە سنورییەکان بەوانەى هەرێمى کوردستانیشەوە .

 

لەبەشێکى ترى پێشنیارەکانیدا توعمە داواى کەمکردنەوەى مووچەى بەرپرسان و پلە باڵاکان دەکات بەڕێژەى لە سەدا 60 و بەو لێبڕینە مووچەى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى بدرێت.

 

پێشنیارەکانى ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کە نزیکەى 50 ڕۆژە حکومەتى عێراق نەیتوانیوە مووچەى فەرمانبەران دابەش بکات بەهۆى کورتهێنانى بودجە بۆ ئەو مەبەستە و چاوەڕواندەکرێت لەدواى ڕەزامەندى پەرلەمان وەزارەتى دارایى قەرز بکات و ئەو کورتهێنانەى مووچە پڕ بکاتەوە و دەست بە دابەشکردنى مووچە بکرێت.