گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوا پێشهات لەبارەى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ لە دهۆک

2020.10.06 - 13:09
دوا پێشهات لەبارەى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ لە دهۆک

ناس کورد-

 

پارێزگارى دهۆک ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ، بەهۆى هەڵکشانى ئامارى توشبوون و مردنەوە بە کۆرۆنا.

 

عەلى تەتەر  (6ی تشرینی یەکەمی 2020) لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، هێشتا هیچ بڕیارێکیان لەو بارەیەوە نەداوە، دەستبردن بۆ ژیان و داهاتى خەڵک پرۆسەیەکى ئاسان نییە، بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆ بە ئاسانى نادرێت.

 

وتیشى "هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەى قەدەغەى هاتوچۆش رابگەیەنین، پاش مانگێک یان دوو مانگى دیکە رەوشەکە وەک خۆى لێنەیەتەوە".

 

عەلى تەتەر جەختیکردەوە، ناکرێت کۆمەڵگە بەگشتى سزا بدرێت بەهۆى پابەندنەبوونى ژمارەیەک خەڵکەوە.

 

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستيی هەرێم  (3ی تشرینی یەکەمی 2020)،  بە ناس كوردی ڕاگەیاند، لەلایەن تەندروستى دهۆکەوە داوایەک بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەت، بەمەبەستى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ لە پارێزگاکە.  

  

وتیشى، "وەزارەت ئەو داواکارییە تاوتوێ دەکات و بڕیارى لەو شێوەیە لەدەستى لیژنەى باڵاى ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنادایە کە وەزیرى تەندروستى ئەندامە تێیدا".  

 

لەبارەى هۆکارى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووان و مردوان لە دهۆک، ئاسۆ حەوێزى باسى لەوەکرد، بەگشتى هۆکارەکە پابەندنەبوونى هاوڵاتییانە بە رێنماییەکانى خۆپاراستن و تاکپارێزى "ئەگەر لەهەر شوێنێک وا مامەڵە بکرێت وەک ئەوەى هەر کۆرۆنا نییە ڕەوشەکە بەو شێوەیەى لێدێت کە ئێستا لەدهۆک هەیە".  

  

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم باسى لەوەشکرد، هەر بڕیارێک بدرێت لەو بارەیەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردىنى بارودۆخەکەیە، بۆ ئەوەى پەتاکە زیاتر بڵاونەبێتەوە.