گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەشناسێکى دیارى عێراق:گەرما زیاتر دادەبەزێت و لەم شارەى کوردستان باران دەبارێت

2020.10.06 - 09:10
کەشناسێکى دیارى عێراق:گەرما زیاتر دادەبەزێت و لەم شارەى کوردستان باران دەبارێت

ناس کورد-

کەشناسێکى دیارى عێراق پێشبینى دابەزینێکى زۆرى پلەکانى گەرما دەکات لە زۆربەى ناوچەکانى وڵات وبەگوێرەى پیشبینییەکانى پلەى گەرما لە زۆربەى ناوچەکان لەسییەکاندا جێگیر دەبێت.

 

واسق سەلامى، کەشناسى دیارى عێراق لە رونکردنەوەیەکدا کە لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک بڵاوى کردۆتەوە ئاماژە بەوە دەکات "پێشبینى دەکرێت پلەکانى گەرما لەزۆربەى ناوچەکانى عێراق دابەزینێکى زۆر بەخۆیەوە ببینێت و لە پلەى سییەکاندا جێگیر بێت جگە لە شارەکانى بەسڕە و میسان".

 

بەوتەى ئەو کەشناسە، پلەکانى گەرما لەمڕۆدا لە زۆربەى ناوچەکان لە پلەى سییەکاندا جێگیر دەبێت جگە لە شارى بەسڕە کە لە 40 پلەى سەدیدا دەمێنێتەوە.

 

سەلامى رونیشیکردەوە، پیشبینى دەکرێت لەکۆتایى ئەم هەفتەیەدا پلەکانى گەرما بەجیاوازى 3 پلە دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

 

هاوکات سادق عەتییە کەشناسى عێراقى ئاماژەى بەوە کرد کە بە گوێرەى نەخشەى کەشوهەوا لەسەرەتاى ئەم وەرزەدا باران بە ڕێژەى جیاواز دەبارێت و لە ناوەڕاستى هەفتە و لە ڕۆژى چوارشەممەى داهاتوودا لە رۆژهەڵاتى شارى دهۆک باران دەبارێت.

 

ئەمە لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت شەپۆلى چاوەڕوانکراوى ڕەشەبا لە هەرێمى کوردستان کەشێکى ساردى لەگەڵدا بێت، کە لە ئەمڕۆوە دەستپێ بکات و تا سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بخایەنێت. 

 

بەپێی لاپەڕەى کەشوهەواى هەرێمى کوردستان لە فەیسبوک، لەگەڵ بەردەوامی رەشەبا پلەکانی گەرما زۆر نزم دەبنەوە بە شێوەیەک لەکاتی رۆژدا بەتەواوی فێنک ئەبێت و لەکاتەکانی شەودا تا رادەیەک سارد ئەبێت و پێویستی بە جلوبەرگی زستانە دەبێت. بۆ ناوچەکانی گەرمیان گەرمای بێزارکەر کەم دەبێتەوە بەڵام ناگاتە ئاستی فێنک بوون.