ناس کورد-
سەندیکای مامۆستایانی عێراق نیگەرانی خۆی لە بارەی دواکەوتنی موچە نیشاندا و ڕایگەیاند، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ڕێگەی خوپیشاندان و کاری مەدەنی دەگرنە بەر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەندیکای مامۆستایانی عێراق (5ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕاگەیاندراوێکی ئاڕاستەی حکومەت کرد و تێیدا هاتووە، "شکستهێنان لە دابینکردنی قوت و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بەڵگەیە لەسەر نەبوونی هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پێدوایستییەکانیان".
ئاماژە بەوەکراوە، "خەرج نەکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هاوڵاتیان و پەنا بردن بۆ وەرگرتنی قەرز شکستێکە ئۆباڵی دەکەوێتە ئەستۆی گەندەڵکاران و ئەو حکومەتانەی کە یەک لە دوای یەک لەماوەی ڕابردوودا فەرمانەڕواییان کردووە".
سەندیکا مامۆستایان عێراق کێشەی خەرجنەکردنی موچەی فەرمانبەرانی خستووە ئەستۆی حکومەت و پەرلەمان و هەڕەشەی گرتنەبەری خوپیشاندان و کاری مەدەنی کرد بۆ بەدیهێنانی مافەکان، ڕاشیگەیاند، "ئێمە نیگەرانین لەوەی کە گەلی عێراق لە پێناو ئەم حکومەتەدا نزیکەی 600 شەهید و25 هەزار برینداری داوە".