ناس کورد-
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان توشبوونى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕاگەیاند و پەیامێکیشى ئاڕاستەى ئەو بەرپرسانەى حکومەت کرد کە بەشدارى دانیشتنى پەرلەمان بوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زیاد جەبار لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک (5ی تشرینی یەکەمی 202) نوسیویەتى، "بە داوای لێبوردنەوە نەمتوانی لەکۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبم، بەھۆی ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێکە توشی پەتای کورۆنا بووم".
زیاد جەبار هیواى خواستووە بۆ قۆناغی داھاتوو بۆ گشت پرسەکان، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لەسەر داوای پەرلەمان بێت یاخود داوای حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران، بەرپرسانى باڵاى حکومەت لە پەرلەمان ئامادە بن.
زیاتر بخوێنەوە: ئومێد خۆشناو هۆکاری ئامادەنەبوونی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کرد
دەشڵێت "ئامادەبوونەکە لە چەندین لاوە سود بە پەرلەمان و حکومەت دەگەیەنێت وەک دووپایەی گرنگی حوکم ڕان، بە پێچەوانەشەوە ھەر بەھەند وەرنەگرتنێکی پێگەی پەرلەمان یاخود حکومەت، بە یەک ڕێژە زیان بە گشت لایەکمان دەگەیەنێت زیاتر متمانەی ھاوڵاتیان لەدەست دەدەین".
زیاد جەبار باسى لەوەکردووە، "نیوەی خەڵک و دەنگدەری کوردستان ھیچ متمانەیەکی بە پرۆسەی سیاسی نەماوە، بۆیە دەنگی نەبەلایەنەکانی پێشوی دەسەڵات، نە بە ئۆپۆزسیۆن، نەداوە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بەتایبەت لەسایەی ئەو ڕەوتە پۆپۆلیستی و فریودەرەی لە عێراق لە ئارادایە، ئەمەش مەترسی ڕاستەقینەیە بۆ ئاییندە".
هەروەها داوا لە بەرپرسانى حکومەت دەکات لەو ماوەیەی کە ماوە، ھەماھەنگ و ھاوکار بن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، بۆ گێڕانەوەی ڕێز و شکۆ و متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی، پتەوترکردنی گیانی کوردستان پەروەری و پێویستی پاراستنی قەوارەی ھەرێم لەبەرامبەر بەغدا "بۆ لەبەین نەبردنی قەوارەکەو سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ چوار گۆشەی سەرەتای خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان".
"ئەوە ئۆباڵێکی ھێندە سەختە کە نە ئێمە و دڵنیاشم نە ئێوە ناتانەوێ بکەوێتە ئەستۆمان و لەمێژوو وەک ھۆکاری لەدەستدانی ئەم قەوارەیە ناومان تۆمار بکرێت" زیاد جەبار وادەڵێت.