گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرەو دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران

2020.10.05 - 20:43
بەرەو دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران

ناس كورد-

ئەندامێکی لیژنەی چاودێريکردنی بەرنامەی حکومەت لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، بەهۆی دواکەوتنی موچە وشایستە داراییەکانی فەرمانبەران، لە ئێستادا هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ سازدانی دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمان دەستپێکردووە.

 

ستار جابری، ئەندامی لیژنەی چاودێریکردنی بەرنامەی حکومەت لە پەرلەمانی عێراق (5ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقییەی ڕاگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق دەتوانێت تەنها لە ڕێگەی داهاتی نەوتی مانگی ئەیلولی ڕابردوو تەواوی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دابین بکات کە بەرمیلێک نەوت بە 40 دۆلار فرۆشراوە".

 

وتیشی: "پێش دوو هەفتە میواندارێتی وەزاری دارایمان کرد بەڵێنی دا موچەی  فەرمانبەرانی ئەو مانگانەی کەماون لەساڵی 2020 مسۆگەر بکات و پابەندی پەڕاوی ئەو چاکسازییە بێت کە لە چوارچێوەی یاسایی وەرگرتنی قەرزدایە".

 

جابری جەختی لەوەکردووەتەوە، "لە ئێستادا بانگەوازی ئەوە دەکرێت دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمان ساز بکرێت بۆ تێڕوانین لە کێشەی دواکەوتنەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق".

 

ئەمە لە کاتێکدا کە پێشترعەلی عەبدول ئەمیر، وەزیری دارایی عێراق ڕاگەیاندبوو، "دابینکردنی موچەی فەرمانبەران پەیوەستە بە دەنگدانی پەرلەمان لەسەر یاسای وەرگرتنی قەرز".

 

هاوکات ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەرەی "ئیندپندنت"ی عەرەبی (5ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "حکومەت دەیەوێت نزیکەی 20 تریلۆن دینار کە دەکاتە 17 ملیار دۆلار لەڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە بەدەست بهێنێت."