گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانى دوو هۆکار بۆ زیادبوونى قەرزەکان ئاشکرا دەکات

2020.10.05 - 17:59
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانى دوو هۆکار بۆ زیادبوونى قەرزەکان ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو هۆکارى بۆ مانەوەى قەرزەکانى سەر حکومەت و زیادبوونى بڕەکەى دیاریکرد و ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە سەرجەمى قەرز نییە، بەڵکو بەشێکى پابەندى داراییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسرور بارزانى  (5ی تشرینی یەکەمی 2020) لە وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتاراندا لەبارەى هۆکارى زیادبوونى قەرزەکانى سەر حکومەت وتى، "ئەو بڕە پارەیە هەمووى قەرز نییە، بەشێکى ئیلتیزاماتە، ئەو سێ مانگەى حکومەتى عێراق پارەى نەنارد، خراوەتە سەر بڕى پارەکە، بۆیە بووە بە 28 ملیار".

 

وتیشى، "ئێمە هیچمان قەرزنەکردووە، بەڵکو لەم ماوەیەدا داوامان لە تورکەکان و رۆزنەفت کردووە سەبرمان لێبگرن تا دۆخى دارایی باشتر بێت پاشان قەرزەکانیان بدەنەوە، بۆیە بڕى قەرزەکان ماوەتەوە".



بەگوێرەی خشتەیەکی نوێ، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم لەماوەی کەمتر لە شەش مانگدا یەک ملیار دۆلار زیادی کردووە، سەرۆکی حکومەتیش دەڵێت، "بەشێکی زۆری قەرزەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق".  

  

ئەوە لەکاتێکدایە مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان لە میانەی باسکردنی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند : ''حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ملیاران دۆلار قەرزی لەسەرە و زۆرینەی ئەو قەرزەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵ، تاوەکو مانگی ئەیلولی ئەمساڵیش خشتەی قەرزەکە نوێکراوەتەوە".  

  

بەگوێرەی خشتە نوێیەکەی قەرزەکانی حکومەت کە بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی شەش مانگدا قەرزەکانی حکومەت ملیارێک دۆلار زیادیان کردووە.  

  

لەخشتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو: " لە ئێستادا حکومەت حەوت ملیار و 256 ملیۆن و 283 هەزار و 646 دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆی لەسەرە".  

  

هەروەها کۆی گشتیی قەبارەی پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەت بریتیە لە "هەشت ملیار و 337 ملیۆن و 989 هەزار و 532 دۆلار".  

  

هەربەگوێرەی خشتەکە، کۆی گشتیی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەکەوتی شایستەی دارایی موچەخۆران و خانەنشینان بریتیە لە هەشت ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514 دۆلارە، جگە لەوەی سێ ملیار و 916 ملیۆن و 245 هەزار و 347 دۆلار قەرزاری هەردو بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) و بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی (KIB).  

  

بەوەش کۆی گشتیی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتوەتە 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار.  

  

ئەوەش لەکاتێکدا، پێش کەمتر لە شەش مانگ و لە بەرواری 22ی ئایاری 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە.