گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەرزەکانی حکومەتی هەرێم ملیارێک دۆلار زیادی کرد

2020.10.05 - 12:01
App store icon Play store icon Play store icon
قەرزەکانی حکومەتی هەرێم ملیارێک دۆلار زیادی کرد

ناس کورد-

بەگوێرەی خشتەیەکی نوێ، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم لەماوەی کەمتر لە شەش مانگدا یەک ملیار دۆلار زیادی کردووە، سەرۆکی حکومەتیش دەڵێت "بەشێکی زۆری قەرزەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (5ی تشرینی یەکەمی 2020) له‌په‌رله‌مانی کوردستان لەمیانەی باسکردنی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند : ''حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ملیاران دۆلار قەرزی لەسەرە و زۆرینەی ئەو قەرزەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵ، تاوەکو مانگی ئەیلولی ئەمساڵیش خشتەی قەرزەکە نوێکراوەتەوە".

 

بەگوێرەی خشتە نوێیەکەی قەرزەکانی حکومەت کە بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی شەش مانگدا قەرزەکانی حکومەت ملیارێک دۆلار زیادیان کردووە.

 

لەخشتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو: " لە ئێستادا حکومەت حەوت ملیار و 256 ملیۆن و 283 هەزار و 646 دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆی لەسەرە".

 

هەروەها کۆی گشتیی قەبارەی پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەت بریتیە لە "هەشت ملیار و 337 ملیۆن و 989 هەزار و 532 دۆلار".

 

هەربەگوێرەی خشتەکە، کۆی گشتیی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەکەوتی شایستەی دارایی موچەخۆران و خانەنشینان بریتیە لە هەشت ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514 دۆلارە، جگە لەوەی سێ ملیار و 916 ملیۆن و 245 هەزار و 347 دۆلار قەرزاری هەردو بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) و بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی (KIB).

 

بەوەش کۆی گشتیی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتوەتە 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار.

 

ئەوەش لەکاتێکدا، پێش کەمتر لە شەش مانگ و لە بەرواری 22ی ئایاری 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە.