گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی مەسرور بارزانی لەبارەی ڕادەستکردنى نەوتى هەرێم بە بەغدا

2020.10.05 - 11:38
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی مەسرور بارزانی لەبارەی ڕادەستکردنى نەوتى هەرێم بە بەغدا

ناس کورد-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون و نەوت ڕادەست بکەن، بەڵام بەمەرجێک ئەوانیش پشکی هەرێم لە بودجە دابین بکەن، وتیشی"ئەوە حکومەتی ناوەندە پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە، نەوەک هەرێم".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لەمیانەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند :"هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم نیازپاکی خۆمان نیشاندا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بەردەوام لە گفتوگۆدا بووین لەسەر چەند پرسێکی جیاواز و تایبەت".

 

وتیشی :"یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گفتوگۆکانمان پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە کە لە بارودۆخێکی ئەمنیی خراپدان و ڕووبەڕووی تەعریب کردنیش بوونەتەوە و تائێستاش بەردەوامە، ئەوەش دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی ڕژێمەکانی عێراقە".

 

ئاماژەی بەوەشكرد :"هەرگیز سیاسەتی تەعریبکردن قبوڵ ناکەین بەتایبەت کە یاسا و دەستورێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە و داوا لە حکومەتی ناوەندی دەکەین کە چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە".

 

سەبارەت بە پرسی دارایی نێوان هەردوولا، باسی لەوەکرد، بەمەبەستی دابینکردنی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا.

 

مەسرور بارزانی وتیشی، دوای ڕێککەوتن بۆ ساڵی 2019 و ناردنی 940 ملیار دینار لەبەرامبەر 250 هەزار بەرمیل، ئەوە حکومەتی فیدڕالی بوو کە پابەندبوونەکانی جێبەجێنەکرد و ئەو ڕێککەوتنەی کە کرابوو بۆ ساڵی 2019 نەیناردە پەرلەمان و دواتریش لە مانگی ئاداری ئەمساڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان ڕاگرت.

 

هەروەها دەربارەی پرسی نەوت، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەن نەوت ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن، بەڵام بەمەرجێک ئەوانیش پشکی هەرێم لە بودجە دابین بکەن.

 

هەروەها، سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان، مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، پێویستیان بە 260 ملیۆن لیتر نەوت هەیە  بۆ ماڵان، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆیان دابین بکات، بەڵام تەنها 50 ملیۆن لیتریان بۆ دابین کردوون.