ناس کورد-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو دۆخە داراییەی دروست بووە حکومەت دروستی نەکردووە و ناچارن خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی موچە، دەشڵێت، لەم کابینەیەدا تەنها دوو موچەیان نەداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەمیانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و دەربارەی پرسی موچە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم کابینەی حکومەت لەماوەی 12 مانگدا تەنها دوو موچەی نەداوە، ئەوەش بەهۆی نەناردنی تەمویلی بەغدا و ئەو دۆخەی دروست بووە و موچەی سەرجەم مانگەکانی دیکەی دابەشکردووە.
وتیشی، هەر بەوبۆنەیەوە و بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی جیهانی گرتووەتەوە، ناچاربوون %21ی موچە ببڕن و %79ی تەمویل بکەن.
باسی لەوەشکرد: "ئەم دۆخەی دروست بووە حکومەت دروستی نەکردووە، ئەمە دۆخێکی جیهانی و ناوچییە و ناچارین خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین بە پشت بەستن بەو داهاتەی کە لەبەردەستماندایە بە کەمکردنەوەی خەرجی و ڕێکخستنەوەی موچە."
جەختیشیکردەوە، حکومەت خاوەنی هیچ پاشەکەوت و یەدەگێکی دارایی نییە و بە قەبارەیەکی گەورەش قەرزارە.