گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشمەرگە و سوپاى عێراق ئۆپراسیۆنێکى هاوبەش ئەنجام دەدەن

2020.10.04 - 19:54
پێشمەرگە و سوپاى عێراق ئۆپراسیۆنێکى هاوبەش ئەنجام دەدەن

ناس کورد-

 

وتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاشکرایکرد، ئۆپراسیۆنى ئەمنى هاوبەش لەنێوان هێزەکانى فیدراڵى و پێشمەرگە لەناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام دەدرێت.

 

لیوا یەحیا رەسوڵ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق (4-10-2010) ڕایگەیاندووە "هێشتا هەندێ لەناوچە جێناکۆکەکان بۆشایی ئەمنیان تێدا هەیە لەنێوان هێزەکانى پاسەوانى هەرێم و هێزەکانى حکومەتى فیدراڵى".

 

وتیشى "لەو ناوچانە پاشماوەکانى داعشى لێیە، لیژنە هاوبەشەکانى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و پێشمەرگە، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخەکە".

 

یەحیا رەسوڵ جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستى هێرشى ئاسمانى هەڵمەتى خێرا لەو ناوچانە، ئاشکراشیکردووە لەداهاتوودا ئۆپراسیۆنى ئەمنى هاوبەش لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە بۆ پشکنینى ئەو ناوچانە و رێگەنەدان بەبوونى پاشماوەکانى داعش بەڕێوەدەچێت.

 

هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق لە تەموزى ئەمساڵدا لەسەر دروستکردنى شەش سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕێککەوتن بەمەبەستى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانە دواى هێرشەکانى ئەم دواییەى داعش، بەڵام هێشتا لەسەر شوێنى سەنتەرەکە لە کەرکوک ناکۆکن.  

  

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە (21-9-2010) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەردوولا ڕەزامەندین لەسەر شوێنى دروستکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش لە پێنج ناوچە، لە کۆى شەش شوێن کە خاڵەکانى لێ دروستدەکرێت".  

  

ئەو شەش شوێنەى کە بڕیارە سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەشى تێدا دروستبکرێت پێکهاتوون لە کەرکوک، هەولێر، بەغدا، موسڵ، مەخمور و دیالە.  

  

قارەمان کەمال وتى، "هەردوولا ڕەزامەندین لەسەر شوێنى سەنتەرەکان لە هەولێر، بەغدا، موسڵ، مەخمور، دیالە، بەڵام لەسەر شوێنى سەنتەرەکە لە کەرکوک ناکۆکین".  

  

وتیشى، "ئێمە پێشنیازمانکردووە سەنتەرەکە لەناو کەرکوک بێت، بەڵام ئەوان بەوە ڕازى نین، پێشنیازى دیکەش لە ئارادایە وەکو ئەوەى لە قەرەهەنجیر بێت، بەڵام چاوەڕوانى کۆبوونەوەى داهاتووین بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە".  

  

لیوا قارەمان باسى لەوەکرد، لە ئێستادا چاوەڕوانى بەغدان بۆ دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى داهاتوو کە ڕەنگە ئەمجارە لە بەغدا بێت، چونکە کۆبوونەوەى پێشوو لە هەولێر ئەنجامدرا.  

  

سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش کە لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەرى پێشمەرگە و سوپاوە بەڕێوەدەبرێن ئەگەر دەستبەرکاربن، دەبنە یەکەم هەماهەنگى سەربازى بەغدا و هەرێم لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە کە بەهۆیەوە سەرجەم پەیوەندییەکانیان پچڕان.