گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گفتوگۆى نوێى سەرۆك كۆمارو باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق

2020.10.04 - 16:41
گفتوگۆى نوێى سەرۆك كۆمارو باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق

ناس كورد-

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا هەماهەنگی هاوبەشیی نێوان هەردو وڵات و بەهێزكردنی هاریكاری لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها پشتیوانی حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێ دەكەن.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك كۆمار كە وێنەیەكی دەست ناس كورد كەوتوە، (4ی تشرینی یەكەمی 2020)، بەرهەم ساڵی لە كۆشكی بەغدا پێشوازی كردوە لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە سەرۆك كۆمار لەسەرەتای دیدارەكەدا هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و میلانیا ترەمپ-ی هاوسەری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا خواستوەو باسی لە گرنگی هاریكاری هاوبەشیی كۆمەڵگەی نێودەڵەتی كردوە لە روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا و سنورداركردنی زیانەكانی.

 

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە هەردولا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان بەرەو ئاسۆی هاریكاری لە سەرجەم بوارەكاندا كردوە ئەوەش لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیاندا لەگەڵ پتەوكردنی هاریكاری لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و تەندروستییەكان و یەكخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا وێڕای گفتوگۆكردن لەسەر پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە.

 

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە هەردولا جەختیان لەسەر پێویستی پشتیوانی رێكارەكانی حكومەت كردۆتەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەكان و تۆكمەكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و پێویستی كەمكردنەوەی گرژییەكان لەناوچەكە لەڕیگەی گفتوگۆ و دۆزینەوەی زەمینەی لەبار بۆ هاریكاری هاوبەش لە بوارەكانی پەرەپێدان و پێشكەوتن.

 

لای خۆیشییەوە باڵیۆزی ئەمریكا جەختی لە پابەندی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانیی سەقامگیری عێراق و پتەوكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات لە سەرجەم بوارەكاندا كردۆتەوە.