گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ژنەکانیان بە هاوکاری پیاوانی تر!’’

خۆکوشتنی پیاوانی هەرێم 50% زیادی کردووە

2020.10.04 - 15:45
App store icon Play store icon Play store icon
خۆکوشتنی پیاوانی هەرێم 50% زیادی کردووە

ناس کورد-

لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی 500 سکاڵا لەلایەن پیاوانەوە تۆمارکراون و خۆکوشتنی پیاوانیش نزیکەی %50 زیادیکردووە، هاوکات هەر لەمساڵدا پێنج پیاو لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان بەناس کوردی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لای ئێمە تۆمارکراون، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 486 سکاڵای توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لەسەرجەم لق و ناوچەکانمان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تا ئەمکاتە 430 سکاڵایەک هەبوو، واتە 50 حاڵەتێک زیادی کردووە.

 

وتیشی، بەداخەوە حاڵەتەکانی خۆکوشتنی پیاوان بەراورد بەساڵی ڕابردوو زۆر زیادیکردووە، بەشێوەیەک 47 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئەم بەروارە، 28 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکرابوو.

 

سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان ئەوەشی ئاشكراکرد، هەر لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێنج حاڵەتی کوشتنی پیاوانیش لەلایەن ژنانەوە بەهاوکاری کەسانیتر هەبوون.

 

بورهان عەلی ڕوونیشیکردەوە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر پیاوان دەکرێت، زیاتر سوکایەتیپێکردنە بەهۆی نەبوونی و خراپی بارودۆخی داراییەوە، هەروەها ڕێگەنەدان بە بینینی منداڵ لەکاتی جیابوونەوەدا، تەنانەت دەرکردنی پیاوی پیر لە ماڵ هەبووە لەگەڵ چەندین حاڵەتی دیکە.

 

سکرتێری یەکێتی پیاوان پێیوایە، توندوتیژییەکان بەرامبەر پیاوان زۆر لەو ژمارانە زیاترن کە تۆماردەکرێن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا پیاوان پێیان عەیبە بڵێن لەلایەن ژنەکانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەیشارنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەیان ئامادەکردووە بیدەنە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی لەکاتی جیابوونەوەی هاوسەراندا ئەو قورساییە زۆرە نەخرێتەسەر شانی پیاوان، ئەگەر وەک باسدەکرێت، ژنان و پیاوان یەکسانن، کاتێک منداڵیش دەدرێت بە دایک، بەگوێرەی یاسا باوکەکە بتوانێت منداڵەکە ببینێت، نەوەک دایکەکە منداڵەکە داگیر بکات.