گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تەنها یەک مەتری تر’’ دانیشتوانی هەڵەبجە و سەیدسادق توشی کەم ئاوی دەبن

2020.10.04 - 15:22
App store icon Play store icon Play store icon
’’تەنها یەک مەتری تر’’ دانیشتوانی هەڵەبجە و سەیدسادق توشی کەم ئاوی دەبن

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان هۆشداری دا لە دابەزینی زیاتری ئاستی ئاوی بەنداوەکە و ڕایگەیاند، ئەگەر لە ماوەی 15 ڕۆژی داهاتوودا ئاستی ئاوی بەنداوەکە زیاتر دابەزێت و بێتە خوارەوە، ئەوا کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەیدسادق دروست دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 


ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان (4ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهۆی کەمی داهاتی ئاوی بەدەست هاتوو لە ڕوباری سیروان، لە ئێستادا ئاستی ئاو لە بەنداوەکە زۆر کەمی کردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە 80%ی ئاوی ڕوباری سیروان گلداوەتەوە کە بەنداوی دەربەندیخان پشتی پێ دەبستێت".


وتیشی: "توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان دوو ملیارو 600 هەزار مەتر سێجایە، بەڵام بەهۆی گرتنەوەی ڕووباری سیروان لە لایەن ئێرانەوە لە ئێستادا بەنداوەکە ملیارێک و 300 هەزار مەتر سیجا ئاوی تێدا ماوە".


بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، هۆشداریشی دا لە بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە وتی: " ئەگەر لە ماوەی 15 ڕۆژی داهاتوودا ئاستی ئاوی بەنداوەکە مەترێکی تر بێتە خوارەوە ئەو هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەیدسادق و ناوچەکانی دەوروبەری دووچاری کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە".


خانی باسیلەوەشکرد، چاوەڕێی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ئاوی ڕووباری سیروان بەرداتەوە، بەتایبەتی کە لە ئێستادا ساڵی ئاویی دەستپێکردووە و ئەگەری بارانبارین لەم وەرزدا لە ئارادایە.


بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان جەختیلەوەشکردوە: "دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کاریگەری نەرێنی کردووەتەوە سەر هاوڵاتیان و جوتیارانی پارێزگای دیالە وناوچەکانی تری عێراق، چونکە بەنداوی حەمرین کە دەکەوێتە ئەو پارێزگایەوە پشتی بە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەستووە".